سەرۆکی یەکێتیی پیاوان: تووندتیژی دژی پیاوان زیاد دەکات

27.11.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان رایگەیاند، تووندتیژی دژی پیاوان بەردەوام زیاد دەکات و تەنیا لە 10 مانگی ئەمساڵ، 48 پیاو خۆیان کوشتووە و پێنج حاڵەتی کوشتنی پیاوانیش لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراون.
بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان ڕایگه‌یاند: بەپێی لیژنەکانی تۆمارکردن و بەدواداچوونی کەیسەکان لە یەکێتیی پیاوانی کوردستان، تەنیا لە 10 مانگی ئەمساڵ، 427 جۆری سکاڵا و تووندوتیژی دژ بە پیاوان لە سەرجەم لق و نووسینگەکەمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. 48 پیاو خۆیان کوشتووە و پێنج حاڵەتی کوشتنی پیاویش لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراون.
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، لە 10 مانگی ساڵی رابردوو، 463 سکاڵا و 54 حاڵەتی خۆکوشتن هەبوون، شەش حاڵەتی کوشتنی پیاویش لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاری کەسانی دیکە تۆمارکراون، بۆیە ئەگەر ئامارەکانی ئەمساڵ بەراورد بکەین بە ساڵی رابردوو، زۆر کەم دابەزیوە، بەڵام "پاڵنەر و هۆکاری کێشە خێزانییەکان لە کۆمەڵگە بەردەوامە و زیادیکردووە بۆیە بە گشتیی تووندوتیژی دژی پیاوان لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە." 
بورھان عەلی گوتی: "دوای ئەوەی کە منداڵ گەورە دەبێت، زیاتر پشتی دایکیان دەگرن و باوکەکان بە تەنیا دەمێننەوە، پیاو هەیە لەبەر خاتری شیرازەی خێزانەکەی ماڵی بەجێهێشتووە و لە هۆتێل دەمێنیتەوە، هەرچەندە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەکەیان بەردەوامە و جیانەبوونەتەوە."  
لەبارەی هۆکارێکی دیکەی کێشەی خێزانی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان گوتی: "دۆخی ئابووری هۆکارێکی دیکەی کێشەکانە، چونکە تێچووی خێزان زیادیکردووە، یاساش لەو رووەوە باوکی بەرپرسیار کردووە."
بەپێی ئاماری یەكێتی پیاوانی کوردستان لەساڵی 2020دا 553 جۆری سکاڵا و تووندوتیژی بەرامبەر بە پیاوان تۆمارکراون،  91 پیاو خۆیان کوشتووە، هەشت پیاو لەلایەن هاوژینەکانیانەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژراون، هەروەها 37 کەیسی دەرکردنی پیاوی بەتەمەن تۆمارکراون، لەگەڵ 52 کەیسی ناپاکی هاوژینی و 11 کەیسی تووندوتیژیی جەستەیی و 20 کەیسی گوشاری دەروونی و سێکسی و 9 کەیسی دەستبەسەرداگرتنی مووچە. 
هەروەها لە ساڵی 2021دا 68 پیاو خۆیان كوشتووە، 521 سكاڵا تۆماركراون، شەش پیاو لەلایەن ژنانەوە بە هاوكاری كەسانی دیكە کوژراون،  31 پیاو دەرکراون، 47 ژن خیانەتیان لە پیاوەکانیان کردووە. 219 منداڵ لەلایەن ژنانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە، شەش پیاو مووچەکانیان لەلایەن ژنەکانیانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەشت پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە ئەشکەنجەدراون.

زۆرترین خوێندراو