قەرەبووکردنەوەی زیالێكه‌وتوانی ماددەی ١٤٠ دەست پێدەکاتەوە

29.11.2022
جەماوەر نیوز
سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بڕیارە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە و ھەموو ئەو ھاووڵاتیانەی دۆسیەیان ھەیە لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ قەرەبوو دەکرێنەوە.
 دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ کارا بکرێتەوە، ھێشتا لیژنەکە کارا نەکراوەتەوە، بەڵام یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانی نێوان ئێمە و بەغدا، پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە.
سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، رێککەوتن کراوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و حکوومەتی عێراقیش پابەند دەکرێت بەو رێککەوتنەوە.
دژوار فایەق دەشڵێت، دوای کاراکردنەوەی لیژنەکە، پرۆسەی قەرەبووکردنەوە بەڕێوە دەچێت بۆ ئەو ھاووڵاتیانەی پێشتر دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە و بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەرچووە، چونکە پێشتر ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش ماون بۆ قەرەبووکردنەوە، کە بە چەند قۆناغێک ھەموو ئەوانەی ناویان ھەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە.

زۆرترین خوێندراو