وەزارەتی شەهیدان کتێبێک لە سەر جینۆسایدی هەڵەبجە بڵاودەکاتەوە

11.03.2023
جەماوەر نیوز

ڕۆژی پێنج شەممە ۹ی ئازاری ۲۰۲۳، عەبدوڵڵا حاجی محمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێشوازیکرد لە نوسەر و وەرگێڕ غێدان حەسەن غەفور، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە.
لەو دیدارەدا نوسەر دواهەمین بەرهەمی وەرگێڕدراوی خۆی بە ناونیشانی(هەڵەبجە لە بەرامبەر ژەهری مەرگدا)ی پێشکەش وەزیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان کرد و سوپاسی عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود و وەزارەتیشی کرد بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی.
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا لەلایەن پارێزەری بەتوانای گەلەکەمان (بەکر حەمە سدیق) ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکار لە کەیسی هەڵەبجە لەدادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بە زمانی عەرەبی نوسراوە.
لە بەرامبەردا وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەستخۆشی لە پارێزەری بەرگریکاری مافی تایبەت بەکر حه‌مەسدیق عارف و وەرگێڕی بەرهەمەکە کرد و ماندووبوون و دۆکیومێنت کردنی دادبینییەکان و کۆکردنەوەی بەڵگەکانی جینۆسایدی هەڵەبجەی بەرزنرخاند و ڕایگەیاند کە ئەم بەرهەمە بۆ ئاییندەی کەیسی هەڵەبجە و ئاشناکردنی نەوەکانی ئێستا و داهاتوی گەلەکەمان گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە و لەهەمانکاتدا سەرچاوەیەکی یاسایی بایەخدارە بۆ نوسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید لە ئێستاو داهاتووشدا.

زۆرترین خوێندراو