ڕێباز حه‌ملان:ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم كاتییه‌

26.03.2023
جەماوەر نیوز

یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان کاتییە. دەشڵێت، "نەوتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک راناگیرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی یاساییە و ئەوە دەستپێدەکاتەوە."
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر بابەتی بودجە رێكکەوتوون، لەسەر بابەتی دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازیش نزیکن لە رێککەوتن و هەنگاوی باش نراوە.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو راگرتنە کاتییە و بەمزووانە دەستپێدەکاتەوە، ئەمڕۆش شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەسەر میکانیزمێک بۆ چۆنیەتیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە رێکدەکەون.

بە وتەی رێباز حەملان، تورکیاش لە بڕیارەکەی دادگەی پاریس زیان دەکات، چونکە لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە، تورکیا قازانجێکی زۆر دەکات، بۆیە ئومێدیان هەیە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، بە وتەی رێباز حەملان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێشینەی کارەکانی پێدانی مووچەیە و بەپێی ئەو داهاتەی کە لە بەردەستی حکومەتدایە، هەوڵدەدرێت مووچی پێ دابین بکرێت.


زۆرترین خوێندراو