تره‌مپ ده‌چێته‌ به‌رده‌م دادگا

31.03.2023
جەماوەر نیوز
دۆناڵد ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا لە مێژووی ئەمریکادا کە بەهۆی تۆمەتبارکردنییەوە دەچێتە بەردەم دادگا.
جۆی تاکۆپینا، پارێزەری ترەمپ رایگەیاند، دەستەی دادگای گەورەی نیویۆرک دەنگیداوە بۆ لێپێچینەوەکردن لەگەڵ ترەمپ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت پێدانی 130 هەزار دۆلار بە ئەستێرەی سینەمایی، ستۆرمی دانیێڵز بۆ "بێدەنگکردنی" کە گوایە لە دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرگیریدا سێکسی لەگەڵ ترەمپدا کردووە.
بەم شێوەیە ترەمپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە لە دادگا ئامادە دەبێت بەهۆی ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە.
ترەمپ کە کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024ی ئەمریکا، لە 18ی ئاداردا رایگەیاندبوو کە داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتان چاوەڕوانی دەستگیرکردنی دەکات، بۆیە داوای ناڕەزایەتی دەربڕینی کرد.
ئەستێرەی سینەمایی، ستۆرمی دانیێڵز بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ساڵی 2016دا رێککەوتنێکی واژوو کردووە بۆ پێدانی 130 هەزار دۆلار بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت بەرامبەر بەو بانگەشانەی کە گوایە پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ ترەمپدا هەبووە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ئەو رێککەوتنە پەسەند نییە چونکە لەلایەن ترەمپەوە واژوو نەکراوە.
لە کاتێکدا ترەمپ تۆمەتەکانی دانیێڵزی رەتکردەوە، مایکل کۆهین کە پێش بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 پارێزەری ترەمپ بوو، پشتڕاستی کردەوە کە بەناوی ترەمپەوە بڕی 130 هەزار دۆلار لە ئەکاونتی خۆیەوە داوە بە دانیێڵز.
کۆهین بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە کۆمپانیاکانی ترەمپ دواتر نزیکەی 420 هەزار دۆلاریان وەک پاداشت بۆ گەڕاندووەتەوە.

زۆرترین خوێندراو