سه‌رۆكی هه‌رێم پشتگیری له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات

08.04.2023
جەماوەر نیوز
ئێواره‌ى ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 8ی نیسانی 2023 له‌ به‌غدا نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رۆكوه‌زيران و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و جێبه‌جێكردنى كارنامه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌نگاوه‌كانى سوودانى و كار و هه‌وڵه‌كانى كرد بۆ جێبه‌جێكردنى كارنامه‌ى حكومه‌ت و رێككه‌وتنى سياسيى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت.
لاى خۆيه‌وه‌ سوودانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى نێچيرڤان بارزانى و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌.
هەروەها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و پشتگيريى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بۆ تێپه‌ڕاندنى ياساى بودجه‌ى گشتيى عێراق، "هه‌روه‌ها داكۆكييان له‌ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌."

زۆرترین خوێندراو