بودجه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ بودجه‌ی هه‌رێم زیاتره‌

15.05.2023
جەماوەر نیوز
بودجەى وەزارەتى کارەباى عێراق لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى 17.7 ترلیۆن دینارە کە نزیکەى یەک تریلیۆن دینارى لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا زیاترە، لەکاتێکدا کە پێویستیەکانى ئەو وەزارەتە نزیکەى چوار تریلیۆن دینار کورتهێنانى هەیە.  
بەگوێرەی خشتەى دابەشکارى بودجەى وەزارەتەکان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی دا، وەزارەتى کارەبا 17 تریلیۆن و 723 ملیار و 775 ملیۆن و 915 هەزار دینارە کە 11 ترلیۆن و 610 ملیار دینارى بۆ بەکارخستنە و 6.1 تریلیۆن دینارى بۆ وەبەرهێنانە؛ لەکاتێکدا تێکڕاى پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکەدا 16.6 ترلیۆن دینارە، بەوەش بودجەى ئەو وەزارەتە نزیکەى یەک تریلیۆن دینارى زیاترە لە تێکڕاى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق.  
تێکڕاى پێویستى عێراق بۆ کارەبا 35 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا 24  هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و نزیکەى 11 هەزار مێگاوات کورتهێنانى هەیە، سەرەڕاى ئەوەى وزەى کارەبا و گازى سرووشتى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە کۆمارى ئیسلامیی ئێران دەکڕێت. 
بودجەى گشتیی عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، بودجەى وەزارەتى کارەبا 8.3%ى بودجەکە پێکدەهێنێت. 14ى ئایارى 2023، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، دۆسیەى کارەبا "قورسترین" بارگرانى سەر خەزێنەى گشتییە. 

زۆرترین خوێندراو