ئەمڕۆ سەرۆککۆماری تورکیا هەڵدەبژێردرێت

28.05.2023
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 28ی ئایاری 2023 گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت، هەر یەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر لە 60 ملیۆن و 904 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 47 هەزار دەنگدەر لە رووی تەمەنەوە بۆ یەکەمجارە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان دەکەن.
بۆ پرۆسەی دەنگدان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، 191 هەزار و 884 هەزار سندووقی دەنگدان لە تورکیا دانراون.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر 08:00 دەستپێكرد تا 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار و 837 دەنگی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێناوە، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتییە لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی گەڕی یەکەم، دەستی بە چاپکردنی پسوولەی نوێی دەنگدان کرد کە تەنیا وێنەی ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو لەسەرە. پسوولەکان رۆژی 18ـی مانگ گەیێندرانە 156 باڵیۆزخانە و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا لە 73 وڵاتی جیهان و دەروازە سنوورییەکان.


زۆرترین خوێندراو