خەرجیی سەربازیی ئەوروپا لە 2025 دەگاتە 380 ملیار یۆرۆ

02.09.2025
جەماوەر نیوز
پێشبینی دەکرێت خەرجیی سەربازیی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2025 بگاتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ كە 381 ملیار یۆرۆیە، لەو بڕەش نزیکەی 130 ملیار یۆرۆ بۆ وەبەرهێنانەکان لە دروستكردنی چەکی نوێ تەرخانکراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە وڵاتان پارەیەکی زیاتر خەرج دەکەن بۆ دورخستنەوەی مەترسی ڕوسیا.

ئاژانسی بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشبینی دەکرێت خەرجیی سەربازیی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2025 بگاتە 381 ملیار یۆرۆ. ئەوەش بە ئامانجی دورخستنەوەی مەترسی ڕوسیا

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم زیادبونەی بە ڕێژەی 10% دێت، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەندامی ئەوروپی لە هاوپەیمانیی ناتۆ، پابەندبون بە زیادکردنی خەرجییەکان لە ژێر فشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەو پارەیەی بۆ ئەمساڵ تەرخانکراوە، نزیکەی 130 ملیار یۆرۆ بۆ وەبەرهێنانەکان لە دروستكردنی چەکی نوێ تەرخانکراوە. وڵاتانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو خەرجییەکانیان زیادکردوە لە دوای شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022.

لایخۆیەوە کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، "ئەوروپا خەرجییەكی پێوانەیی لەبواری بەرگریدا دەكات بە ئامانجی پاراستن و سەلامەتی گەلەکەمان، و لێرەدا ناوەستین".

کۆمیسیۆنی ئەوروپا هەفتەی ڕابردو ڕایگەیاند کە پڕۆگرامی قەرزەکانی یەکێتیی ئەوروپا بە بڕی 150 ملیار یۆرۆ، کە ئامانجی یارمەتیدانی وڵاتانە بۆ زیادکردنی خەرجیی بەرگرییان، بە تەواوی داپۆشراوە و لەکۆی 27 وڵاتی ئەندام، 19ـیان داوای داراییان پێشکەش کردوە.

پلانەکەی "سەیف" (SAFE) ڕێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات قەرزی هەرزانتر بەدەست بهێنن کە لە لایەن بودجەی ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێن.

چەندین سوپا و دەزگای هەواڵگری ڕۆژئاوا هۆشدارییان دابو کە مۆسکۆ لەوانەیە ئامادە بێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا ئەگەر شەڕی ئۆکرانیا کۆتایی بێت.

ئەندرێ دینک، بەڕێوەبەری ئاژانسی بەرگریی ئەوروپا ڕایگەیاندوە، "بەدیهێنانی ئامانجی نوێی ناتۆ کە بریتییە لە 3.5%ی بەرهەمی ناوخۆیی، پێویستی بە هەوڵێکی زیاتر دەبێت، واتە خەرجکردنی زیاتر لە 630 ملیار یۆرۆ ساڵانە."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو