خانەی فەتوای عێراق داوا دەکات بایکۆتی هەڵبژاردن نەکرێت

02.10.2025
جەماوەر نیوز
خانەی فەتوای عێراق، دووپاتی دەکاتەوە، هەڵبژاردن مافێکی دەستووری و یاساییە بۆ هەر هاووڵاتییەکی عێراقی، لە هەمان کاتدا داوای بەشداریکردن و بایكۆت نەکردنی هەڵبژاردنەکانی کرد.

بڕیارە 2025-11-11، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەشێک لە لایەنەکان بە دیاریکراویش ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدر چەندینجار داوای لە لایەنگر و شوێنکەوتووانی کردووە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن.

 شێخ عامر بەیاتی، وتەبێژی فەرمی و بەڕێوەبەری نووسینگەی زانستی بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە خانەی فەتوای عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "هەڵبژاردن یەکێکە لەو شتانەی کە دەستووری عێراق جەختی لەسەر کردووەتەوە، وەک مافێکی کەسییە بۆ هەر هاووڵاتییەکی عێراقی پێگەیشتوو، بەشداریکردن تێیدا چ وەک کاندید بێت یان وەک دەنگدەر، مافێکی ڕەوایە و دەستوور گەرەنتی کردووە."

 بەیاتی گوتی: "هیوادارین کێبڕکێی هەڵبژاردن کێبڕکێیەکی شەرەفمەندانە و ڕاستگۆیانە بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان و سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانی عێراق."

شێخ عامر بەیاتی داوای لە هەمووان کرد "لەو هەڵبژاردنانەدا بەشدار بن و بایكۆتی نەکەن، بەو پێیەی کردارێکە بۆ پیادەکردنی ئەو مافە ڕەوا و یاساییەی کە دەستوور بە هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی بەخشیوە، بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ئەندامانی ئەم سەرکەوتنە کە هەموو کێبڕکێکارێکی شەرەفمەند تێیدا براوە دەبێت."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو