کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە میامی یاری دەکات

22.11.2025
جەماوەر نیوز
یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ "فیفا" خشتەی یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 و ئەو یاریگایانەی ڕاگەیاند کە میوانداری یارییەکانی 48 هەڵبژاردە بەشداربووەکە دەکەن، ئەمەش لە نێو گرنگیپێدانێکی بەرفراواندا بە هەڵبژاردەی پورتوگال بەهۆی بوونی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە.

پورتوگال کەوتە کۆمەڵەی یازدەهەمەوە لەگەڵ هەریەکە لە ئۆزبەکستان و کۆڵۆمبیا، جگە لەو هەڵبژاردەیەی کە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانەوە سەردەکەوێت (لە نێوان جامایکا و کالیدۆنیا و کۆنگۆی دیموکرات).

یەکێک لە دیارترین سوپرایزەکانی "فیفا" دیاریکردنی ئەو یاریگایانە بوو کە ڕۆناڵدۆ یارییەکانی تێدا ئەنجام دەدات، بەجۆرێک یاری نێوان پورتوگال و کۆڵۆمبیا لە شاری "میامی" و لەسەر یاریگای "هارد ڕۆک" لە ڕۆژی 27ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرا شارەکە میوانداری یارییەکەی ئەرجەنتین بکات بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی.

هەروەها هەڵبژاردەی پورتوگال شاری "هیوستن" دەکاتە بارەگای خۆی لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا، ئەمەش واتە هاتووچۆکانی لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا تەنها لە نێوان هیوستن و میامی دەبێت.

پورتوگال لە ڕۆژی 17ی حوزەیران دەست بە کاروانەکەی دەکات بە ڕووبەڕووبوونەوەی براوەی پاشکۆی کیشوەری لە نێوان (جامایکا و کۆنگۆی دیموکرات یان کالیدۆنیا)، پاشان لە 23ی حوزەیران لەسەر یاریگای "ئین ئاڕ جی" بەرانبەر ئۆزبەکستان یاری دەکات، پێش ئەوەی لە میامی ڕووبەڕووی کۆڵۆمبیا ببێتەوە.

هەڵبژاردەی پورتوگال بە یەکێک لە دیارترین پاڵێوراوان بۆ نازناوەکە دادەنرێت بەهۆی پێکهاتەکەیەوە کە پڕە لە ئەستێرەی وەک برونۆ فێرناندێز (کاپتنی مانچێستەر یونایتد)، ڤیتینیا، نونۆ مێندێز و جواو نیڤێس لە پاریس سانجێرمان.

بابەتی هاوشێوە