له‌شه‌ش مانگى کۆتایى 2018 ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ داعش گه‌یشتۆته‌ (1536) که‌س

12.06.2017
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

دیندار زێبارى وتی: له‌ شه‌ش مانگى کۆتایى ساڵى 2018 ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ داعش گه‌یشته‌ (1536) له‌وانه‌ (1502) پیاو (34) ئافره‌ت.
له‌ دواى هێرشى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کى کوردستان، به‌رده‌وام له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌وه‌ تۆمه‌تى مامه‌ڵه‌ى نه‌شیاو له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرکراوان ده‌خرێته‌ پاڵ داموده‌زگاکانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هێشتنه‌وه‌ى راگیراوان بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر بێ ئه‌وه‌ى دادگایى بکرێن و که‌یسه‌کانیان یه‌کلا بکرێته‌وه‌.

د. دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ رایگه‌یاند: به‌شێوه‌یه‌کى گشتى پرۆسه‌ى ده‌ستگیر کردن قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نیا له‌ داموده‌زگا تایبه‌ته‌کانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌بێت وه‌ک بنکه‌کانى پۆلیس و بنکه‌کانى گرتن و راگواستن ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ به‌ تۆمه‌تى تیرۆریش ده‌ستگیر ده‌کرێن به‌بێ بوونى به‌ڵگه‌ى ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى کارى تیرۆرى یان هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى ده‌ستگیر ناکرێن. سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌کانى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران دیندار زێبارى وتی: به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى له‌ کوردستان چه‌ند جۆرێک‌ گرتووخانه‌ هه‌یه‌ (بنکه‌ى راگرتن و گواستنه‌وه‌ (التوقیف و التسفیرات)، بنکه‌ى چاکسازی، بنکه‌ى چاکسازى ئافره‌تان و نه‌وجه‌وانان). دواى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران و داواکراوان به‌پێى یاساى بنه‌ماکانى دادگایى کردنى سزایى (قانون اصول محاکمات الجزائیه‌) ژماره‌ (23) ساڵى (1971)ى هه‌موارکراو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ و رێکاره‌کان بریتییه‌ له‌ سه‌لماندنى که‌سایه‌تى داواکراو و گومان لێکراو و ده‌ستپێکردنى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى بنه‌ره‌تی، دواى گه‌یشتن به‌ راستى داوایه‌که‌ تۆمه‌تباره‌که‌ وه‌ک مافێکى خۆى بۆى هه‌یه‌ پارێزه‌رێک ئاماده‌ بکات و ئه‌گه‌ر نه‌یتوانى پارێزه‌ر ئاماده‌ بکات ئه‌وا له‌سه‌ر دادگا پێویسته‌ پارێزه‌رى بۆ دابین بکات و ئاگادارى که‌سوکارى ده‌کرێت که‌ ناوبراو گیراوه‌ له‌ بنکه‌ى پۆلیس، دواتر که‌یسه‌که‌ ره‌وانه‌ى دادگاى تایبه‌تمه‌ند ده‌کرێت بۆ یه‌کلایى کردنه‌وه‌ى به‌پێى یاسا.
زێبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر بابه‌تى هێشتنه‌وه‌ى راگیراوان بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر به‌ر له‌ دادگایى کردنیان و وتی: وه‌زاره‌تى ناوخۆ مانگانه‌ ناوى راگیراوان ره‌وانه‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌کات، ئه‌و راگیراوانه‌ى له‌ شه‌ش مانگ زیاتر له‌ به‌شه‌کانى گرتن و گواستنه‌وه‌ى پۆلیسى پارێزگاکان ماونه‌ته‌وه‌ و په‌ڕاوه‌کانیان یه‌کلایى نه‌کراوه‌ته‌وه‌، ناوه‌کانیان به‌ لیست ره‌وانه‌ى سه‌رۆکایه‌تى دادگاکانى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى پارێزگاکان ده‌کرێت بۆ چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌کانیان. له‌ بنکه‌کان پۆلیس و نووسینگه‌کانى نه‌هێشتنى تاوان رێکاره‌ یاساییه‌کان له‌لایه‌ن لێکۆڵه‌ره‌کانى پۆلیس ئه‌نجام ده‌درێت که‌ به‌پێى یاسا بۆى دیارى کردووه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن به‌رێزان دادوه‌رانى لێکۆڵینه‌وه‌ چاره‌نووسیان دیار ده‌کرێت.
له‌ باره‌ى پێشکه‌ش کردنى خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندرووستییه‌کانیش زێبارى وتی: به‌ندکراوه‌کان له‌ کاتى پێویستدا ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌کان ده‌کرێن و ئه‌و راگیراوانه‌ش که‌ نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌شه‌کانى گرتن و گواستنه‌وه‌ ڕه‌چاوى بارى ته‌ندروستییان کراوه‌ و بۆیان هه‌یه‌ خواردنى تایبه‌ت بۆ خۆیان دروست بکه‌ن. ئه‌م جۆره‌ به‌ندکراوانه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن پزیشکه‌کانى بنکه‌کانى ته‌ندروستى له‌ به‌شه‌کانى گرتن و گواستنه‌وه‌ چاودێرى بارى ته‌ندروستیان ده‌کرێت به‌ڵام وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌رپرسه‌ له‌دابینکردنى پزیشک و کارمه‌ند و که‌لوپه‌لى ته‌ندروستی.

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى داواکارى گشتى له‌م رووه‌وه‌ وتی: ده‌زگاى داواکارى گشتى له‌چوارچێوه‌ى یاسادا چاودێرى ره‌وشى راگیراوان به‌ گشتى ده‌کات و به‌تایبه‌تى له‌ چاکسازى و به‌ندیخانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌ندامانى داواکارى گشتى له‌ چاکسازى و به‌ندیخانه‌کان هه‌ن و هه‌فتانه‌ ڕاپۆرتى تایبه‌ت به‌ ره‌وشى راگیراوان له‌ به‌ندیخانه‌کان پێشکه‌ش به‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌که‌ن.ئه‌و نوسراوانه‌ى که‌ ئاراسته‌ى داواکارى گشتى ده‌کرێن به‌ پێى مادده‌ى (7)ى یاساى داواکارى گشتى ژماره‌ (159)ى ساڵى 1979ى هه‌موارکراو خاڵى یه‌که‌م داواکارى گشتى به‌دواداچوونى بۆ هه‌ر نوسراوێک کردووه‌ که‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ یاخود له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌کى هه‌رێمى کوردستان ئاراسته‌ى کرابێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ داهاتوو به‌دواداچوون بۆ هه‌رنوسراوێک ده‌کات که‌ ئاراسته‌ى ده‌زگاى داواکارى گشتى بکرێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکات ڕێکارى یاسایى ده‌گرێته‌به‌ر.
سه‌باره‌ت به‌و یاسایانه‌ى که‌ له‌ کاتى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران ده‌گیرێنه‌ به‌ر دیندار زێبارى وتی: چه‌ند یاسایه‌کى تایبه‌ت هه‌یه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم په‌یڕه‌ویان ده‌کات له‌ کاتى ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران له‌وانه‌: یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (111)ى ساڵى 1969ى هه‌موارکراو: ئه‌م یاسایه‌ کارى پێده‌کرێت له‌ هه‌رێمى کوردستان و به‌ پێى ئه‌م یاسایه‌ هیچ که‌سێک به‌ تاوانکار هه‌ژمار ناکرێت تا تاوانه‌که‌ى له‌سه‌ر ساغ نه‌بێته‌وه‌ یاخود (تۆمه‌تبار بێ تاوانه‌ تاکو ده‌سه‌لمێندرێ). سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش، هه‌ر که‌سێک که‌ تاوانێکى ئاراسته‌ ده‌کرێ و دادگایێ ده‌کرێت له‌ کاتى دادگایى کردن ده‌بێت پارێزه‌رى هه‌بێت. ئه‌م بڕیارانه‌ى که‌ له‌ دادگا ده‌رده‌چن ده‌کرێت له‌ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ تانه‌یان لێبگیرێت و دووباره‌ به‌ بڕیاره‌کان دابچنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌پێى ئه‌و به‌ڵگانه‌ ده‌بێت که‌ له‌به‌ر ده‌ستى دادوه‌ردان و ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌کان گومان درووست بکه‌ن، ئه‌وا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تۆمه‌تباره‌که‌ ڕاڤه‌ ده‌کرێت بۆیه‌ ناکرێت به‌ وته‌ى تاوانبار ڕێکاره‌ یاساییه‌کان بخرێنه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، چونکه‌ له‌ کاتى دادگایى کردن و بڕیاردان یاسا جێبه‌جێده‌کرێت.

له‌ کۆتایى لێدوانه‌که‌یدا دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وتی: له‌ شه‌ش مانگى کۆتایى ساڵى 2018 ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ تۆمه‌تى په‌یوه‌ندى به‌ داعش گه‌یشته‌ (1536) له‌وانه‌ (1502) پیاو (34) ئافره‌ت، ئه‌م ده‌ستگیرکراوانه‌ش هه‌مان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه‌ و وه‌ک هه‌ر گیراوێکى ئاسایى هه‌مو مافێکیان هه‌یه‌.به‌تایبه‌تى له‌ رووى یه‌کلاکردنه‌وه‌ى که‌یسه‌کانیان بۆ نموونه‌ وه‌ک: سه‌ردانى کردن له‌ لایه‌ن که‌سوکاریان، ئه‌وانه‌ى که‌سوکاریان دیار نه‌بێت رێکخراوى (UNHCR) به‌دواداچوون بۆ خێزانه‌کانیان ده‌که‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌یان.

زۆرترین خوێندراو