سه‌فین دزه‌یى : پیلانێکى زۆر مه‌ترسیدار بۆ تێکشکاندنى قه‌واره‌ى سیاسیی هه‌رێمى کوردستان هه‌بوو

13.04.2019
جەماوەر نیوز
له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم، باس له‌ چۆنیه‌تى ئیداره‌کردنى ئه‌و ته‌حه‌ددا سیاسى وئابووریى سه‌ختانه‌ ده‌کات که‌ له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا رووبه‌ڕووى حکومه‌ت وگه‌لى هه‌رێمى کوردستان ببوونه‌وه‌.
ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌:
بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم وئه‌و شۆکه‌ سیاسى وئابووریانه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى گرته‌وه‌ بوونه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى دارایى یا دۆخى سه‌ختى ئابووری. ئه‌و واقیعه‌ چۆن سه‌رى هه‌ڵدا؟
سه‌فین دزه‌یی: بڕیارى یه‌کلایه‌نه‌ی نورى مالیکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووى عێراق به‌ بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان شۆکێکى هه‌ره‌ گه‌وره‌ بوو، چونکه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ سیاسى وفه‌رمیه‌ى که‌ هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانى دیکه‌ى عێراق هه‌یبووه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، یاسا و لێک تێگه‌یشتن ورێکه‌وتنى نێوان هه‌وڵیر وبه‌غدا بووه. به‌ داخه‌وه‌ ده‌ستوور پێشلکرا ورێککه‌وتن و یاساکانى تایبه‌ت به‌ بودجه‌ جێبه‌جێ نه‌کران. ئه‌وه‌ش ده‌ستپێشخه‌رییه‌کى خراپ بوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا، به‌تایبه‌تى که‌ بڕیاره‌که‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ درابوو.
شۆکى دووم، شه‌ڕى داعش بوو، که‌ توانیان له‌ ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێک دووه‌مین شارى گه‌وره‌ى عێراق داگیر بکه‌ن ودواى ئه‌ویش شه‌ڕه‌که‌یان رووبه‌رووى هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌، که‌ ئێمه‌ به‌ تواناییه‌کى که‌م وپانتاییه‌کى یه‌کجار زۆر نزیکه‌ى 1000 کیلۆمه‌تر به‌ره‌ى شه‌ڕه‌مان له‌گه‌ڵ دره‌نده‌ترین هێزى تیرۆریستى جیهان - داعش هه‌بوو.
له‌ ئه‌نجامى داگیرکردنى موسڵ وشوێنه‌کانى دیکه‌، شۆکى سێیه‌م ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ ماوه‌ى که‌متر له‌ شه‌ش مانگ رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستان سه‌دا 30 به‌رز بووه‌وه‌، واته‌ ملیۆنێک و600 هه‌زار ئاواره‌ روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد که‌ پێشتریش نزیکه‌ى 250 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌‌ سوریاوه‌ ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان ببوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ناچارى هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى داهاتێکى دیکه‌ بدات و له‌ مانگى پێنجى 2014 ده‌ستى به‌ فرۆشتنى نه‌وت کرد، که‌ سێ مانگ دواى بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بوو. واته‌ بڕینى بودجه‌ هیچ بیانوویه‌کى نه‌بوو که‌ ده‌یانگوت هه‌رێمى کوردستان نه‌وته‌که‌ى فرۆشتووه‌ وداهاته‌که‌ى راده‌ستى به‌غدا نه‌کردووه. به‌غدا له‌ شوباتى 2014 به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕى وحکومه‌تى هه‌رێم له‌ مانگى پێنجى هه‌مان ساڵ بۆ یه‌که‌مجار نه‌وتى خۆى بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌نارده‌ کرد.
له‌ سه‌ره‌تادا که‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بڕدرا، سه‌رچاوه‌کانى داهات که‌مبوون، چۆن پاره‌ى پێویست بۆ مووچه‌ وخه‌رجییه‌ گشتییه‌کان و وه‌به‌رهێنان دابین ده‌کرا؟
سه‌فین دزه‌یی: حکومه‌تى هه‌رێم له‌ ساڵى 2014 که‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هاتنى ئاواره‌کان وبه‌رپابوونى شه‌ڕى داعش، بۆ دابینکردنى داهات ناچار بوو هه‌موو نه‌ختینه‌کانى له‌ بانکه‌کان بۆ تێپه‌راندنى ئه‌و دۆخه‌ به‌کاربێنێت، پاشان له‌ مانگى پێنج داهاتى نه‌وتیش یارمه‌تیده‌رێکى سه‌ره‌کى بوو، به‌ڵام دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌ نزیکه‌ى 100 دۆلار بۆ 25 دۆلار چواره‌مین شۆک بوو که‌ هه‌رێمى کوردستانى گرته‌وه‌.
ئه‌و کۆمپانیانه‌ى که‌ وزاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان مامه‌ڵه‌یانى له‌گه‌ڵ ده‌کرد ئاماده‌ى خۆیان بۆ پێدانى قه‌رز به‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ربڕی، چونکه‌ باوه‌ڕى ته‌واویان به‌ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌بوو که‌ له‌ داهاتوودا ده‌توانێ قه‌رزه‌کانى بداته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ فرۆشتنى به‌شێک له‌ نه‌وت، پاره‌ى پێشوه‌ختیان دایه‌ حکومه‌ت. به‌هۆیه‌وه‌ توانیمان به‌شێک له‌ گرفته‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین.
به‌ به‌رده‌وامبوونى شه‌ڕ، هاتنى ئاواره‌کان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، حکومه‌تى هه‌رێم به‌ داخه‌وه‌ ناچار بوو هه‌ندێ هه‌نگاوى دیکه‌ بنێت وکابینه‌ى هه‌شته‌م بڕیارێکى زۆر زه‌حمه‌تیدا که‌ ئه‌ویش رێژه‌یه‌ک له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاشه‌که‌وت بکرێت.
دواى هاتنى داعش، به‌غدا پشکى هه‌رێمى کوردستانى له‌ بوودجه‌ى گشتى وڵات بڕیبوو وله‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش به‌ دواى راگرتنى فروشتنى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ بوو ونرخى نه‌وتیش دابه‌زیبوو. دۆخى ئابووریى هه‌رێم به‌ره‌و خراپییه‌کى که‌م وێنه‌ هه‌نگاوى هاوێشتبوو، سه‌رۆکایه‌تى حکوومه‌ت له‌و کاته‌دا چ پلانێکى هه‌بوو بۆ ده‌رباز بوون له‌م ره‌وشه‌ سه‌پاوه‌؟
سه‌فین دزه‌یی: نزیکه‌ى له‌ سه‌دا 95 داهاتى عێراق له‌ نه‌وت و پێکهاته‌کانییه‌تى وهه‌رێمى کوردستانیش له‌م حاڵه‌ته‌ به‌ده‌ر نییه‌. ژێرخان وپیشه‌سازى عێراق له‌ ساڵه‌کانى هه‌شتا له‌ سه‌رده‌مى شه‌ڕى عێراق وئێران وێران ببوون وله‌ ساڵى 1990یش که‌ کوه‌یتى داگیرکرد 13 ساڵ ئابلوقه‌ى نێوده‌وڵه‌تى خرایه‌ سه‌ر عێراق ونه‌یتوانى هیچ ژێرخانێک دروست بکات که‌ به‌رهه‌مى هه‌بێت وببێته‌ وڵاتێکى به‌رهه‌مهێنه‌ر، به‌ڵکو به‌کارهێنه‌ر بووه. به‌شى هه‌ره‌ زۆرى کالا وکه‌لوپه‌لى پێویست له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌یهێنا. هه‌رێمى کوردستان به‌شێک بووه‌ له‌ عێراق وبه‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌و ره‌وشه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵیدا که‌ به‌ رێگه‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانى خۆى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر تا راده‌یه‌ک به‌ داهاتى ناوخۆیى بتوانێت هاوکار بێت بۆ درێژه‌پێدانى کاره‌کانى حکومه‌ت وه‌ک ئاسایش، پاک راگرتنى شاره‌کان و دابینکردنى کاره‌با تا راده‌یه‌کى باش. هه‌روه‌ها، به‌کارهێنانى ئه‌و بڕه‌ نه‌ختینه‌ى که‌ له‌ بانکه‌کاندا هه‌بوو یاریده‌ده‌ر بوو. کۆمپانیا ناوخۆییه‌کان وبه‌ڵێنده‌ران به‌ڕاستى جێگه‌ى ته‌قدیرن که‌ به‌رگه‌یان گرت وبه‌شێک له‌ نه‌ختینه‌ییه‌کانى خۆیان به‌کارهێنا وبه‌شێکیان تا ئێستا پاره‌یان لاى حکومه‌ته‌، ئێستاش هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو پاره‌کانیان ده‌درێته‌وه‌ وبانکه‌ ئه‌هلییه‌ ناوخۆیى وبیانییه‌کانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ هاوکار بوونه‌ ونه‌ختینه‌ییه‌کانى خۆیان خسته‌ خزمه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى به‌کارى بێنێت. کۆمپانیا بیانییه‌کانیش که‌ نه‌وتى هه‌رێمى کوردستانیان ده‌کڕی، پاره‌ى پێشوه‌ختیان ده‌دا، که‌ ئێمه‌ بتوانین له‌سه‌ر پێى خۆمان بوه‌ستین، هه‌ر چه‌نده‌ زۆر زه‌حمه‌ت بوو وبڕیارى زۆر زه‌حمه‌تیش درا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حکومه‌تى هه‌رێم توانى ئه‌و چوار ساڵه‌ به‌ باشترین شێوه‌ قه‌یرانه‌که‌ به‌ڕێوه‌ ببات. ده‌توانم بڵێم کارى سه‌ره‌کى حکومه‌ت له‌لایه‌ک شه‌ڕى داعش ودوورخستنه‌ى به‌ڵاو ومه‌ترسییه‌کان له‌ هاووڵاتیانى کوردستان بوو، له‌ هه‌مان کاتیش درێژه‌پیدان به‌ کاره‌کانى خۆى بوو.
په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى هه‌رێم له‌ ماوه‌ى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ پێشوه‌چوونێکى به‌رفراوان وبێ وێنه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینی. ئایا حکومه‌ت هه‌وڵیدا ئه‌و هه‌ڵه‌ بۆ پێشخستنى دۆزى کورد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بقوزێته‌وه‌؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ واقعێکى ناخۆش هاته‌ کایه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له‌ کورده‌وارى ده‌گوترێت هه‌ر شه‌ڕێک خێرى جوامێرێک تێدایه‌. نزیکه‌ى 1750 شه‌هید و 10 هه‌زار بریندارمان هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆزى کورد وبه‌رگرى خه‌ڵکى کوردستان وهێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ خاک ونیشتمان وله‌و پرنسیپانه‌ که‌ باوه‌رى پێیه‌تی، که‌ دیموکراسییه‌ت ومافى تاک وهه‌موو به‌ها به‌رزه‌کانى مروڤایه‌تیه‌، هه‌روه‌ها بوونى هه‌رێمى کوردستان له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌رگریى له‌ مرۆڤایه‌تی، بوونه‌ جێگه‌ى رێز وته‌قدیرى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تی. ناوى پێشمه‌رگه‌ بووه‌ ناوێکى پیرۆز، بۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ پیرۆز بووه، به‌ڵام جیهانیش به‌ ناوى پێشمه‌رگه‌ ئاشنا بوو وهه‌روه‌ها پایه‌ى سیاسى وسه‌ربازى خودى جه‌نابى سه‌رۆک بارزانیش، که‌ بێ وێنه‌یه‌ له‌ جیهانى ئه‌مڕۆدا سه‌رۆکێک بچێت به‌ هه‌فته‌ وبه‌ مانگ له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگ له‌ناو چادر وئۆتۆمبێل بخه‌وێت وله‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان به‌رگرى له‌ خاک ونیشتیمان وبه‌ها مرۆییه‌کان بکات. ئه‌وه‌ هه‌مووى وایکرد سۆز ورێز وپشتگیرى خه‌ڵک وکۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ هه‌رێمى کوردستان وپێشمه‌رگه‌ زیاتر ببێت. سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا له‌ ناخۆشترین ئانوساتدا له‌ مانگى ئه‌یلولى 2014 سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى کرد. چه‌ندین سه‌رۆک وه‌زیران ووه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ وبه‌رگرى وجێگرانى سه‌رۆک وه‌زیرانى وڵاتانى جیاجیا، ئه‌وروپا له‌ پله‌ى یه‌که‌مدا ووڵاتانى دراوسێ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان کرد. به‌داخه‌وه‌ له‌و کاته‌دا هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانیان ده‌کرد، ته‌نها به‌غدا سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى نه‌ده‌کرد، که‌ دوژمنێکى هاوبه‌شمان هه‌بوو وخه‌ڵکێکى زۆریش له‌ به‌شه‌کانى دیکه‌ى عێراق که‌ ئاواره‌ بوون وله‌و ناوچانه‌ ده‌هاتن که‌ حکومه‌تى فیدرالى نه‌یتوانى بیانپارێزێت، به‌ ناچارى روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد، که‌ حکومه‌ت وخه‌ڵک دڵ وده‌رگایانیان بۆ کردنه‌وه‌. له‌ باوه‌ش گرتن وحه‌وانه‌وه‌ى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ش‌ بوو به‌ خاڵێکى گرنگ بۆ پاڵپشتیکردنى مه‌عنه‌وى ومرۆیى له‌ هه‌رێمى کوردستان.
هه‌روه‌ها، کلتوورى دێرینه‌ى پێکه‌وه‌ژیان له‌ نێوان پێکهاته‌ جیاجیاکان وریزگرتن له‌ ئازادى ده‌ربڕینى ئایینى له‌ کوردستان وپاراستنى پێکهاته‌ ئاینییه‌کان که‌ له‌ ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌ى داعش په‌نایان هێنا بۆ هه‌رێم، جێگه‌ى رێز بوو له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ى نێونه‌ته‌وه‌یى وناوبانگێکى ئه‌رێنى بۆ هه‌رێم دروستکرد.
ئه‌و هه‌موو شتانه‌ به‌ راستى جێگه‌ى رێز وته‌قدیرى هه‌موو ئه‌و شانده‌ بیانییانه‌ن که‌ دێنه‌ هه‌رێمى کوردستان، له‌ ڤاتیکانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ پاریس وله‌نده‌ن، رۆما وستۆکهۆلم، به‌رلین وواشینتون ومۆسکۆ وشوێنه‌کانى دیکه‌ به‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ریشه‌وه‌.
کلتووره‌کمان هه‌یه‌ که‌ کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان، سریان وکلدان وئاشووری، مه‌سیحى موسڵمان، شیعه‌ وسونه، یه‌زیدی، کاکه‌یی، به‌هایى وزه‌رده‌شتى وشه‌به‌ک وهه‌موو تایفه‌کان پیکه‌وه‌ ده‌ژین. ئه‌و خه‌ڵکه‌ش که‌ له‌ به‌شه‌کانى دیکه‌ى عێراق روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد، ده‌یانزانى که‌ سه‌ر وماڵ وشه‌ره‌ف وکه‌رامه‌تیان پارێزراوه‌. به‌شێک له‌وانه‌ ده‌یانتوانى بچنه‌ وڵاتانى دراوسێ، به‌شێکیان چوون و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ زانیان مه‌عیشه‌ت له‌وێ زۆر زه‌حمه‌ته‌.
خه‌رجى ئاواره‌ وپه‌نابه‌ران تا چه‌ند له‌ ئه‌ستۆى به‌غدا، رێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان وئاژانسه‌کان ورێکحراوه‌ ناحکومیه‌کانى خوماڵى ونێوده‌وڵه‌تیدا بوو، تا چ راده‌یه‌ک خه‌رجییه‌کانیان دابین ده‌کرد؟
سه‌فین دزه‌یی: هاتن وئیداره‌کردنى ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ که‌ له‌ ساڵى 2014 روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد، که‌ ئێستاش زیاتر له‌ ملیۆنێک و 400 هه‌زار که‌س هێشتا له‌ هه‌رێمى کوردستان ماون، ته‌حه‌ددایه‌کى گه‌وره‌بوو. به‌شێکیان بۆ ناوچه‌کانیان گه‌ڕانه‌وه‌، بارودۆخى ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان هێشتا نائارامه، خزمه‌تگوزارییان نییه‌، ئه‌من وئاسایش نییه‌، به‌شێکیان دووباره‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌ که‌مپه‌کان گه‌ڕانه‌وه‌، به‌شێکیان توانایى مادییان هه‌یه‌ خانوو به‌ کرێ ده‌گرن یان ده‌کڕن.
تێچووى ساڵانه‌ى حه‌وانه‌وه‌ى ئاواره‌کان که‌ له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ وه‌ک خه‌رجییه‌ شاراوه‌کان ناوى دێت، نزیکه‌ى ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلاره. له‌ کاتێکدا که‌ حکومه‌تى هه‌رێم بۆ خۆى له‌ قه‌یرانێکى دارایى دایه‌. مانگانه‌ 100 تا 130 ملیۆن دۆلار تێچووى به‌ڕێوه‌بردنى که‌مپى ئاواره‌کانه‌ له‌ خزمه‌تگوزارى ئاو وئاوه‌ڕۆ، کاره‌با، ئه‌من وئاسایش، قوتابخانه‌ وته‌ندروستى وهتد... به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌ به‌غدا خۆى به‌ به‌رپرس بزانێت و یه‌ک دینار هاوکارى بکات یان یه‌ک پاکه‌ت ده‌رمان بنێرێت. له‌کاتى ئازادکردنى موسڵ که‌ هێزى سوپاى عێراق به‌ هاوکارى پێشمه‌رگه‌ هاتن موسڵیان ئازاد کرد، هه‌موو نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێم ده‌رگایان واڵا بوو بۆ تیمارکردنى بریندارانى شه‌ڕى ئازادکردنى موسڵ وله‌شکرى عێراق، به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌غدا یه‌ک برینپێچ بنێرێت، هه‌موو که‌وته‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان وهه‌موو ئه‌و داو ده‌رمانانه‌ى که‌ بۆ به‌کارهێنانى هاووڵاتیانى هه‌رێم خه‌زن کرابوون، بۆ بریندارانى شه‌ڕى داعش وئاواره‌کان به‌کارهێنران. به‌داخه‌وه‌ به‌غدا خۆى به‌خاوه‌نى ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌زانى که‌ ئاواره‌ ببوون وئه‌و بریندارانه‌شى که‌ له‌ به‌ره‌ى جه‌نگ روویان له‌ هه‌رێم کرد. هه‌ندێ رێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى ورێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان هاوکارییان کردین. به‌ڵام کێشه‌ وداخوازییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئاستێکى به‌رزدا بوون، که‌ نه‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌م تواناییه‌ى هه‌بوو ونه‌ رێکخراوه‌کان له‌و ئاسته‌دا بوون، به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌شمان تێپه‌ڕاند وپێویسته‌ سوپاسى دکتۆر وکارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بکه‌ین، به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ وپارێزگاران وداموده‌زگاکانى دیکه‌ى حکومه‌ت که‌ له‌ راستیدا له‌ رۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ده‌نگ ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ چوون وبه‌ خه‌ڵکى خۆیان زانى وئه‌وه‌ش بووه‌ پێناسه‌یه‌کى جوانترى هه‌رێمى کوردستان بۆ دونیاى ده‌ره‌وه‌.
سیاسه‌تمه‌دارانى عێراق بۆ ریکلام سه‌ردانى که‌مپه‌کانیان ده‌کرد وبه‌ڵام هیچ ئامارێک سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تییه‌کانى کۆچ وکۆچبه‌رانى عێراق له‌ لاى ئێمه‌ نییه‌. رێکخراوه‌کانى دیکه‌ى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ک رێکخراوى وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌تایبه‌تى 'یوئین ئێچ سى ئار' پێناسه‌یه‌کى تایبه‌تى بۆ ئاواره‌کان هه‌یه‌ که‌ ئه‌وانه‌ى ئاواره‌کانى ناوخۆن وله‌ ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌هاتن، به‌ په‌نابه‌ر پێناسه‌ ناکه‌ن، ته‌نها په‌ناهه‌نده‌کانى که‌ له‌ رۆژئاوا هاتبوون ئه‌وان سودمه‌ند بوون له‌ هاوکارییه‌کانى یوئێن ئێچ سى ئار، ئه‌گینا بارى سه‌ره‌کى وهه‌ره‌ زۆرى که‌وتبووه‌ سه‌ر شانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى که‌ به‌ باشترین شێوه‌ بتوانێت ئه‌و ئاوارانه‌ بحه‌وێنێته‌وه‌، به‌ لایه‌نى که‌مه‌وه‌ ئه‌من و ئاسایشیان بۆ دابین بکات. خه‌ڵکى کوردستان له‌ ده‌مى خۆى پێداویستییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ده‌گرته‌وه‌، وه‌ک بینیمان خه‌ڵکى کوردستان کۆمه‌ک وهاوکارى کۆ ده‌کرده‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کانى ده‌برد.
حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند خۆى له‌ به‌رێوه‌بردنى قه‌یرانه‌کان له‌ماوه‌ى کابینه‌ى هه‌شته‌م به‌ سه‌رکه‌وتوو ده‌زانێت؟
سه‌فین دزه‌یی: به‌ راى من حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وشه‌خسى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رکه‌وتنێکى مه‌زنى له‌ رووى به‌رێوه‌بردنى ئه‌و قه‌یرانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌ده‌ستهێنا. به‌داخه‌وه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ناو حکومه‌ت که‌ وا تێگه‌یشتبوون پاپۆره‌که‌ به‌ره‌و نقوومبوون ده‌چێت، زوو خۆیان تێهه‌ڵدا وخۆیان لێ ده‌رباز کرد. به‌ڵام پارتى ویه‌کێتى مانه‌وه‌، سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن وجێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌ن ووه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کانى دیکه‌ به‌ کردار سه‌ڵماندیان که‌ حکومه‌ت حکومه‌تێکى شایسته‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ‌جێى ده‌ستخۆشى بێت وئه‌م ره‌وشه‌ تێپه‌رێنێت وپاپۆره‌که‌ به‌ ژیرانه‌ ولێزانینى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران توانى بگه‌یه‌نێته‌ که‌نارى ئارام.
پێویسته‌ لێره‌ بگوترێ که‌ قوربانیدانى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ وئاسایش ودان به‌خۆداگرتنى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵێنده‌ران وچین وتوێژه‌کانى کۆمه‌ڵى کوردستان له‌ کاته‌ سه‌خته‌کانى پێنج ساڵى رابردوودا، بوون به‌ پاڵپشتى مه‌عنه‌وى گرنگ بۆ کابینه‌ى هه‌شته‌م بۆ‌‌ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌کان، ئه‌مه‌ش جێگاى ته‌قدیر ورێزلێنانه‌.

ئایا ئاسایى بوونه‌وه‌ى سیسته‌مى مووچه‌ وپێدانى به‌شێک له‌ پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران به‌ ماناى ئاسایى بوونه‌وه‌ى ره‌وشى ئابووریى کوردستانه‌ وده‌بێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى کار وجولاندنى بازار، پێتان وایه‌ ئابووریى کوردستان له‌ ماوه‌ى ئه‌مساڵدا چه‌ند گه‌شه‌ ده‌کات؟
سه‌فین دزه‌یی: ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى که‌ له‌ نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندییه‌کى باشى له‌ نێوان به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى وهه‌رێمى کوردستان دروست کردووه‌. پێدانى به‌شێک له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ وایکرد که‌ بڕیارى پاشه‌که‌وت له‌ مانگى سێى ئه‌مساڵ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ وئه‌و گفتگۆیانه‌ى که‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ووه‌زاره‌تى دارایى فیدراڵى هه‌یه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت. پێویستیشه‌ دانوستاندن له‌ نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا له‌ سه‌ر دۆسییه‌کانى نه‌وت و گاز وکۆمه‌ڵێک دۆسیه‌ى دیکه‌ هه‌بێت. واى ده‌بینین که‌ که‌شوهه‌وایه‌کى گونجاو هه‌یه‌ که‌ هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌و دۆسیانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا باس بکات. به‌ڵام نه‌هێشتنى پاشه‌که‌وت وکۆتاییهاتنى شه‌ڕى داعش ونه‌مانى خه‌لافه‌ت، که‌ هه‌ڕه‌شه‌کانى هێشتا هه‌ر ماون، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ سیاسییه‌کانى ناوخۆ ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ى بازارى هه‌رێمى کوردستان. ئێستاش به‌پێى هه‌ندێ راپۆرت وئامار ده‌بینین که‌ ساڵى رابردوو به‌تایبه‌تى پاش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ مانگى سێى 2018 رێژه‌یه‌ک‌ له‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌ستکارى کرا وله‌مانگى ئادارى 2019 به‌ ته‌واوه‌تى پاشه‌که‌وت هه‌ڵگیرا، کاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بازار وجوله‌یه‌ک له‌ رووى بیناسازی، مولک وماڵ، هاتنه‌وه‌ى هه‌ندێ له‌و کۆمپانیانه‌ که‌ کوردستانیان به‌جێهشتبوو دروستبووه. هه‌روه‌ها هاتنى شانده‌ بازرگانییه‌گان له‌وانه‌ شانده‌ بازرگانییه‌کانى ئه‌مریکا، ئێران وتورکیا وهاتنى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌گه‌ڵ شانده‌که‌یان، هه‌مووى ئه‌وانه‌ ئاماژه‌ن که‌ هه‌ریمى کوردستان قه‌یرانه‌کانى له‌دواى خۆى به‌جێهشتووه. راسته‌ له‌ سه‌داسه‌د چاره‌سه‌ر نه‌بووه‌، کۆمه‌ڵێک گرفتى دیکه‌ ماون، به‌ڵام وه‌کو سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران گوتى له‌ تونێلێکى دوور ودرێژ و تاریک بووین، ئێستا رووناکیى کۆتایى تۆنێله‌که‌ دیاره‌. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک وکۆمپانیا په‌یوه‌ندییان کردووه‌ وهاتوونه‌ وده‌شبینین له‌و سێ وچوار مانگه‌ى رابردوودا چه‌ندین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌رێمى کوردستان سازکراون. هه‌وڵ وکوششه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردستان دوباره‌ بۆ ئه‌و پێشوه‌چوونه‌ ئابوورییه‌ى 2005 تا 2013 بگه‌ڕێته‌وه‌ وداهاتوویه‌کى گه‌ش بۆ کوردستان ده‌بینین. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌ کوردستان یه‌کریزى خۆیان بپارێزن ونیگه‌ڕانى خه‌ڵک به‌وه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ که‌ ئه‌من وئاسایش به‌رقه‌رار بێت وسه‌قامگیرى سیاسیش هه‌بێت. ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ سه‌رماگوزارانى خوماڵى وبیانى له‌ کوردستان سه‌رمایه‌گوزارى ده‌که‌ن.
چى بوون لێکه‌وته‌ سیاسى وئابوورییه‌کانى ریفراندۆم وهه‌نگاوه‌کانى حکومه‌ت بۆ ئاسایى کردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ؟
سه‌فین دزه‌یی: پیلانێکى زۆر مه‌ترسیدار له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان بۆ تێکشکاندنى قه‌واره‌ سیاسییه‌که‌ى هه‌بوو. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پیلانه‌ تا راده‌یه‌ک له‌ هه‌ندێ شوێن سه‌رى گرت. له‌ کرکوک وهه‌ندێ ناوچه‌ى دیکه‌ پێشمه‌رگه‌ ناچار بوو پاشه‌کشه‌ بکات. پیلان هه‌بوو که‌ شوێنه‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستانیش بگیرێن وقه‌واره‌ى یاسایى وده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان لاواز بکرێت. خۆراگرى پێشمه‌رگه‌ له‌ پله‌ى یه‌که‌مدا، سیاسه‌تى ژیرانه‌ى حکومه‌ت وسه‌رۆک بارزانى وسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕاستى وایکرد که‌ ئه‌و پیلانه‌ تێک بشکێت وسه‌رنه‌گرێت. په‌یوه‌ندیى دیپلۆماسى حکومه‌ت، به‌تایبه‌تى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌گه‌ل وڵاتان وایکرد که‌ دوا مانگى 2017 سه‌رۆک کۆمارى فه‌ره‌نسا به‌ فه‌رمى بانگهێشتى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ پاریس بکات. له‌وێ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى به‌رچاو به‌ڕێوه‌چوو وپه‌یامێکى ئاشکرا بوو که‌ رۆژئاوا به‌تایبه‌تى فه‌ره‌نسا که‌ هێزێکى گرنگى ئه‌وروپایه‌ پاڵپشتى بوونى حکومه‌تێکى به‌هێز له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. دواى ئه‌و ئه‌ڵمانیا، روسیا، ڤاتیکان، هۆله‌ندا، به‌لجیکا، تاران، ئه‌نقه‌ره‌ش، که‌ بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئابلوقه‌ سه‌پێندراوه‌که‌ى سه‌ر هه‌رێم لاواز بێت ودواتر بڕیاردرا به‌ ته‌واوى لاببرێت. ئه‌وه‌ش به‌ به‌رگه‌گرتن، دیپلوماسییه‌ت، حیکمه‌ت، لیهاتوویى و لێزانینى سه‌رکردایه‌تى بووه‌. هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو توانرا په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاک بکریت، به‌تایبه‌تى پاش هاتنى به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی. ئه‌وه‌ به‌شێک بوو له‌ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان، هه‌ر چه‌نده‌ گرفتمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ماوه‌، به‌ڵام دیالۆگ هه‌یه‌ وعادل عه‌بدولمه‌هدى که‌سێکه‌ که‌ زیاتر ده‌توانێت قسه‌ وکارى له‌گه‌ڵ بکرێت وگه‌شبینین به‌و دیالۆگه‌ى له‌نێوان هه‌ردوو لاهه‌یه‌.
سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌پیدانى ئابووری، به‌ راستى ژێرخانى هه‌رێمى کوردستان له‌ ساڵانى دواى 2005 خه‌ریکى بوژانه‌وه‌ بووه. هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌رده‌مى رژیمه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانى عێراق له‌ هه‌موو شتێک بێبه‌ش بوو، بۆیه‌ش ئه‌و شێوه‌ خێراییه‌ى بوژانه‌وه‌ى ئابووریى به‌خۆوه‌ دیت. ئێستا به‌شێکى به‌ نیوه‌چڵى ماوه‌ته‌وه‌‌ وپێویسته‌ به‌رده‌وام بین بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژانه‌کانى نیوه‌چڵ ته‌واو بکرێن، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ هاوکارى ده‌ره‌وه‌ وسه‌رمایه‌ گوزاری هه‌یه‌. که‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمیش به‌ڕاستى رۆڵى به‌رچاویان هه‌بووه‌ وبه‌تایبه‌تى به‌ڵێنده‌ران جێگه‌ى رێز وته‌قدیرن. ئێستا خه‌ریکه‌ به‌شێک له‌ پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌درێته‌وه‌، تا ئێستا دوو وه‌جبه‌ى 100 ملیۆن دۆلارى دابه‌ش کراوه‌، به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى که‌ له‌ کابینه‌ى داهاتوودا بارودۆخه‌که‌ زیاتر به‌ره‌و پێش بچێت وبارودۆخى ئابووریى هه‌رێمى کوردستان وبژێوى ژیانى خه‌ڵک باشتر ببێت وکوردستانیش هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بۆ ئه‌و ئاسته‌ى که‌ پێشتر هه‌نگاوى بۆ نابوو به‌ پاڵپشتى بازارى ئازاد به‌ چه‌مکى ده‌رفه‌تى ره‌خساندنى کار بۆ هه‌موو تاکێک چى له‌ که‌رتى گشتى بێت یان که‌رتى تایبه‌تی، بگه‌ڕێته‌وه‌.
پێشنیارتان بۆ کابینه‌ى داهاتوو؟
سه‌فین دزه‌یی: حکومه‌تى داهاتوو ته‌واوکارى حکومه‌تى ئێستا ده‌بێت، چونکه‌ کاندیدى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ کابینه‌ى داهاتوو ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تیى پارتى دیموکراتى کوردستانه، له‌ هه‌مان ئه‌و پارته‌ى سه‌رۆکى حکومه‌تى ئێستایه‌ که‌ له‌ کابینه‌ى هه‌شته‌م حوکمرانى ده‌کات. بۆیه‌ سیاسه‌تى حکومه‌ت به‌رده‌وامبوونه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ئاسه‌وارى ئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌ هه‌بووه‌ تا بژێوى خه‌ڵک باشتر ببێت وخزمه‌تگوزارییه‌کان باشتر ببن وئه‌و پرۆژانه‌ى که‌ به‌ نیوه‌چڵى ماونه‌ته‌وه‌، هه‌وڵ بدرێت ته‌واو بکرێن بۆ خزمه‌تى خه‌ڵکى کوردستان. سه‌باره‌ت به‌ په‌ره‌پێدانى سیاسه‌تى ئابووری، به‌هێزکردنى بناغه‌ى سیاسه‌تى بازارى کراوه‌ وکه‌رتى تایبه‌ت، به‌شێکن له‌ به‌رنامه‌ى سیاسیى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پارتى وته‌نانه‌ت یه‌کیه‌تیش زۆر به‌ ئاشکرا باس له‌ به‌رنامه‌کانى خۆیان کردووه. ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ک بۆ پێکهێنانى کارنامه‌ى حکومه‌تى داهاتوو. له‌وانه‌یه‌ بارودۆخى کابینه‌ى داهاتوو له‌ کابینه‌ى هه‌شت گونجاوتر وباشتر وئارامتر بێت وئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌ کابینه‌ى هه‌شته‌م پێى تێپه‌ڕی، کابینه‌ى نۆیه‌م نه‌یبێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان رێچکه‌ ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانى ئابوورییه‌کى باشتر وبازارى ئازاد وره‌خساندنى ده‌رفه‌تى کار وهه‌روه‌ها راکێشانى سه‌رمایه‌گوزاری. په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ل به‌غداش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌بێت که‌ دیالۆگ له‌ نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا هه‌بێت، چاره‌سه‌رکردنى کیشه‌کان به‌ رێگاى دیالۆگ، له‌وانه‌ ماده‌ى 140‌ ومه‌سه‌له‌ى نه‌وت، بودجه‌ ودۆسیه‌ى ئه‌منى به‌تایبه‌تى له‌و ناوچانه‌ى که‌ ئێستا مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعشى لێ هه‌یه،‌ پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ولێر وبه‌غدا هه‌بێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ى که‌ هه‌یه‌‌ باشتر بکرێت. ئه‌وانه‌ بابه‌تى سه‌ره‌کین که‌ کابینه‌ى نوێ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ده‌کات وته‌واوکار ودرێژه‌ پێده‌رى کاره‌کانى کابینه‌ى هه‌شته‌م ده‌بێت.
دوا قسه‌؟
سه‌فین دزه‌یی: ده‌رکه‌وت له‌ کاتێکدا که‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان یه‌کده‌نگ ویه‌کڕیز بن ده‌ستکه‌وتى مه‌زنتر به‌ده‌ست دێنن. کاتێ که‌ په‌رته‌وازه‌ بن، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکانێک سوودى لێوه‌ربگرن وبه‌کاریان بێین ونه‌ ته‌نیا ده‌ستکه‌وتى مه‌زن به‌ده‌ست نه‌هێنین، به‌ڵکو زۆر له‌ ده‌ستکه‌وته‌کانیش‌ که‌ هه‌ر وه‌ک بینیمان له‌ ده‌ست بده‌ین.
بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کان به‌تایبه‌تى پارتى ویه‌کێتى وهێزه‌کانى دیکه‌ش که‌ جێگه‌ وپێگه‌ى خۆیان له‌ناو سیاسه‌ت وگۆڕه‌پاتى سیاسى هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌، به‌رانبه‌ر بابه‌ته‌ نیشتیمانییه‌کان وئاسایشى نیشتیمانى هه‌رێمى کوردستان یه‌ک ده‌نگ ویه‌کره‌نگ بن. له‌ روویه‌کى دیکه‌ بیرو راى جیاواز هه‌یه،‌ له‌وانه‌یه‌ ئایدولۆجیاى جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازه‌کان هاوده‌نگ وهاوره‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین کوردستان زیاتر به‌ره‌و پێش ببه‌ین، داخوازییه‌کانى خه‌ڵک وئومێد وخه‌ون وئاواتى گه‌لى کوردستان بۆ داهاتوو به‌دى بێنین.