هاورده‌ کردنى هه‌موو به‌رهه‌مێکى مریشک بۆ عێراق قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ

20.05.2019
جەماوەر نیوز
به‌بڕیارێکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق هاتنه‌ناوه‌وه‌ى مریشک به‌ هه‌موو جۆره‌کانى قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت و داواکراوه‌ هه‌موو ده‌روازه‌ سنوه‌یه‌کان پابه‌ندبن پێوه‌ی.

وه‌سفى خه‌لیل، ڕاوێژکارى کشتوکاڵى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلیمانى ڕایگه‌یاند" به‌پێى بڕیارى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق که‌ له‌ 18/5 بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌ و سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق واژۆى له‌سه‌ر کردووه‌ هاورده‌کردنى مریشک به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌ده‌کرێت"

وتێشی" بڕیاره‌که‌ داواى له‌ته‌واوى ده‌روازه‌ سنوریه‌کان کردووه‌ که‌ په‌یوه‌ستبن به‌بڕیاره‌که‌وه‌ هه‌ر خاڵیکى سنورى کار به‌و بڕیاره‌ نه‌کات ئه‌وا ڕوبه‌ڕوى لێپرسینه‌وه‌ى یاساى و ماددى ده‌بێته‌وه‌"

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا" بڕیاره‌که‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى ناوخۆى و به‌رهه‌مى زۆرى په‌له‌وه‌ر ده‌رکراوه‌ که‌له‌ناوخۆى عێراقدا تواناى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ پێداویستى به‌رهه‌مى ناوخۆى مریشک دابینبکرێت".

له‌ئێستادا له‌سلێمانى 700 هۆڵى به‌رهه‌م هێنانى مریشک هه‌یه‌ که‌ له‌توانایاندا هه‌یه‌ به‌رهه‌مى مریشکى ناوخۆ دابینبکه‌ن و هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ش بکه‌ن.

نازم عه‌بدووڵا جێگرى سه‌رۆکى کۆمه‌ڵه‌ى کێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌کانى سلێمانى ڕیگه‌یاند" کارکردن به‌بڕیارێکى له‌و چه‌شنه‌ جێگه‌ى دڵخۆشیه‌ وه‌ ئێمه‌ سالانێکى زۆره‌ چاوه‌ڕێین بڕیارێکى له‌و جۆره‌‌ ده‌رکرێت".

وتیشی" ده‌روازه‌کانى هه‌رێمى کوردستان تائێستا به‌رهه‌مى مریشکى به‌ستو له‌وولاتانه‌وه‌ ڕێگه‌ى پێده‌ده‌ن بێته‌ ناوه‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ به‌ سه‌دان هۆڵى به‌رهه‌م هێنانى مریشک کاره‌کانى ڕاگرێت و توشى زه‌ره‌رى زۆر ببن بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ هۆکار تا هۆڵه‌کانى به‌رهه‌م هێنانى مریشک ده‌ستبکه‌نه‌وه‌ به‌کارکردن و به‌رهه‌مه‌کانیان پاره‌ بکات و زیانیان پێنه‌گات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا" هیوادارین که‌ خاڵه‌ سنوریه‌کانى هه‌رێمى کوردستانیش په‌یوه‌ستبن به‌و بڕیاره‌وه‌ تائێمه‌ش بتوانین به‌رهه‌مى زیاترى مریشک به‌رهه‌م بهینین".

له‌ماوه‌ى ڕابردوودا حکومه‌تى عێراقى بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى چه‌ند به‌رهه‌مێکى ده‌رکرد که‌ له‌ناوخۆدا به‌رهه‌م دێت و تواناى پڕکردنه‌وه‌ى بازاڕیان هه‌یه‌.


زۆرترین خوێندراو