به‌هۆى بارانبارینى زۆره‌وه‌ ٦٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى کشتوکاڵى ژێرئاو که‌وتوون

20.05.2019
جەماوەر نیوز
جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى کشتوکاڵى سلێمانى ده‌رباره‌ى زۆریى بارینى بارانه‌وه‌ رایگه‌یاند، "نزیکه‌ى ٦٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى کشتوکاڵى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى ژێرئاو که‌وتوون، ئه‌وه‌ش کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر رشت و جۆرێتى دانه‌وێڵه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان."

باران بارینى زۆرى ئه‌مساڵ له‌ ناوچه‌ جیاجیاکانى هه‌رێمى کوردستان کاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ به‌جێهێشتووه‌ و رێژه‌یه‌کى زۆرى زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کان که‌ به‌ دانه‌وێڵه‌ داچێندراون ژێرئاو که‌وتوون. به‌و پێیه‌ش رزگار محه‌مه‌د خدر، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى کشتوکاڵى سلێمانى وتی، "جیاواز له‌ سى ساڵى رابردوو ئه‌مساڵ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى نزیکه‌ى هه‌زار و ٣٠٠ ملم باران باریوه‌ و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى تر گه‌یشتووه‌ زیاتر له‌ هه‌زار و ٧٠٠ ملم، کاریگه‌رى ئه‌و باران بارینه‌ زۆره‌ش لایه‌نى ئیجابى و سلبى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ، به‌جۆرێک لایه‌نى سلبى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر که‌رتى دانه‌وێڵه‌ به‌تایبه‌تى و قۆناغى پێگه‌یشتنى دواخستووه‌ و زیانى زۆر به‌ر به‌شێکى ئه‌و زه‌وییانه‌ که‌وتووه‌ که‌ گه‌نم و جۆیان تیادا کرابوو ، ئه‌و زه‌وییانه‌ش به‌شێکیان ژێرئاو که‌وتون و به‌شه‌که‌ى تریش رووبه‌ڕووى نه‌خۆشى و زیان بوونه‌ته‌وه‌."

هاوکات رزگار محه‌مه‌د خدر وتیشی، "جگه‌ له‌ زیانه‌کانى سه‌ر دانه‌وێڵه‌  له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ش پێگه‌یشتنى به‌شێکى به‌رهه‌مه‌کانمان دوا که‌وتووه‌ و به‌ هۆى باران بارینى زۆر و ره‌شه‌باوه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌ و به‌شێکى زۆرى به‌ره‌کانیان وه‌ریون."

شایه‌نى باسه‌ جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى کشتوکاڵى سلێمانى رایگه‌یاند، "نزیکه‌ى ٦٠ هه‌زار دۆنم زه‌وى کشتوکاڵى له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى ژێرئاو که‌وتون و به‌ زه‌وییه‌ ژێرئاوه‌کان ناسراون، ئه‌وه‌ش کاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر رشت و جۆرێتى دانه‌وێڵه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان."

به‌رپرسه‌که‌ى کشتوکاڵى سلێمانى له‌ هه‌مانکاتدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد، باران بارینى زۆرى ئه‌مساڵ لایه‌نى ئیجابیشى له‌سه‌ر که‌رتى کشتوکاڵ هه‌بووه‌ و له‌ قه‌یرانى وشکه‌ ساڵى و که‌مبوونه‌وه‌ى مه‌ترسى که‌مکردنه‌وه‌ى ئاوى رووباره‌کان رزگاریان بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مساڵ ده‌شت و کێوه‌کان له‌وه‌ڕگایه‌کى زۆریان هه‌یه‌ و ده‌توانن سوودى گه‌وره‌یان لێوه‌ر بگرن بۆ ئاژه‌ڵداری.

وریا عه‌لى جووتیارێکى ده‌شتى شاره‌زووره‌ و به‌شى زۆرى زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌که‌ى بووه‌ به‌ژێرئاوى ده‌ریاچه‌ى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌، ئه‌و که‌ له‌ نزیک زه‌وییه‌که‌ى وه‌ستابوو ئاماژه‌ى کرد به‌وه‌ى به‌شى زۆرى ئه‌و زه‌وییانه‌ى ده‌شتى شاره‌زوور که‌ نزیکن له‌ ئاوى ده‌ریاچه‌که‌وه‌ ئه‌مساڵ به‌ هۆى زۆرى باران بارین و هه‌ستانى ئاوى ده‌ریاچه‌که‌وه‌ ژێر ئاوکه‌وتوون و زیانى گه‌وره‌یان به‌ جووتیاران گه‌یاندووه‌، به‌جۆرێک ته‌نها وریا خۆى ٥٠ دۆنم زه‌وى که‌ به‌ دانه‌وێڵه‌ چاندبووى ژێرئاو که‌وتووه‌.


زۆرترین خوێندراو