سه‌دان ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا داوا له‌ ترامپ ده‌که‌ن هێزه‌کانى وڵاته‌که‌یان له‌سوریا بمێنێته‌وه‌

21.05.2019
جەماوەر نیوز
سه‌دان ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا داوایان له‌ دۆناڵد ترامپ کردووه‌ وڵاته‌که‌یان به‌رده‌وامبێت له‌ ڕۆڵى خۆى له‌ ناو سوریا، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌کانى ئه‌مه‌ریکا و دۆست و هاوپه‌یمانه‌ نزیکه‌کانی، له‌وانه‌ ئیسرائیل.

له‌ کۆى 535 ئه‌ندامى هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نى سینات و نوێنه‌رانى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا، 382 ئه‌ندامیان نامه‌یه‌کیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاڕاسته‌ى سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا  کرد.

له‌ نامه‌که‌دا ده‌ڵێن" له‌ کاتێکدا نائارامى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گرتووه‌ته‌وه‌، زۆر نیگه‌رانین له‌وه‌ى هێشتا گروپه‌ تێرۆرست و توندڕه‌وه‌کان و نه‌یارانى ئه‌مه‌ریکا ڕۆڵى خۆیان ده‌بینن له‌ ناوچه‌که‌، به‌ تایبه‌تى له‌ سوریا، ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدا هه‌ندێک له‌ نزیکترین هاوپه‌یمانانمان له‌ ناوچه‌که‌ ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ ڕێبه‌رایه‌تى و پشـتیوانى ئه‌مه‌ریکا هه‌میشه‌ گرنگن. بۆ به‌دیهێنانى ئه‌مه‌ش ڕاده‌سپێرین چه‌ند هه‌نگاوێک بگیرێنه‌به‌ر بۆ به‌هێزکردنى خاڵه‌ ئاسایشیـیه‌ سه‌ره‌کیـیه‌کانمان له‌ ناوچه‌که‌، له‌وانه‌ یارمه‌تیدانى ئیسرائیلى هاوپه‌یمانمان له‌ به‌رگریکردن له‌ خۆى له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ سنووره‌کانى باکورى وڵاته‌که‌یه‌وه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌."

پاشان هۆشدارى ده‌ده‌ن له‌وه‌ى گروپه‌ تێرۆرستیـیه‌کانى وه‌کو داعش و قاعیده‌ هێشتا له‌ ناو سوریا توانایان هه‌یه‌ پـرۆپاگه‌نده‌ بۆخۆیان بکه‌ن و خه‌ڵک بۆخۆیان ڕابکێشن. ده‌ڵێن هه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا ئامانجى سه‌ره‌کیان شه‌ڕى ناو سوریایه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ توانایاندایه‌ پـلان دابنێن و هێرش ئه‌نجام بده‌ن له‌ دژى ڕۆژئاواییه‌کان و هاوپه‌یمانان و دۆستانى ئه‌مه‌ریکا و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریکاش. بۆیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مه‌ریکایه‌ ڕێگه‌ نه‌درێت ئه‌م ڕێکخراوه‌ تێرۆرستیانه‌ پـێى خۆیان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست توندبکه‌ن.

ده‌ڵێن حزبوڵڵاش بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى گه‌وره‌ بۆ ئیسرائیل و له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 100 هه‌زار ڕۆکێت و موشه‌کى به‌ ئاڕاسته‌ى ئیسرائیل هه‌یه‌ که‌ وردتر ئامانجه‌کانیان ده‌پـێکن و مه‌ودایان درێژتره‌ و له‌ توانایاندا له‌ هه‌ر شوێنێکى ئیسرائیل بده‌ن.

هه‌روه‌ها باس له‌ ڕووسیاش ده‌که‌ن، ده‌ڵێن کارده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى بوونێکى هه‌میشه‌یى له‌ سوریادا هه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ى بنکه‌ى هێزى ده‌ریایى له‌ به‌نده‌رى ته‌رتوس. جگه‌ له‌وه‌ش بووه‌ته‌ کۆسپ له‌ به‌رده‌م ئیسرائیل له‌ مه‌سه‌له‌ى به‌رگریکردن له‌ خۆى له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ دوژمنکارییانه‌ى له‌ سوریاوه‌ له‌ دژى ده‌کرێن.

جێى ئاماژه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ىسه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دۆناڵد ترامپ له‌ مانگى دوازده‌ى ساڵى ڕابردوو وتى شه‌ڕى داعش له‌ سوریا به‌ کۆتایى گه‌یشت و هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌و وڵاته‌ ده‌کشێنێته‌وه‌، زۆرێک له‌ ئه‌ندامانى کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌ردوو پارتى کۆمارى و دیموکرات نیگه‌رانى خۆیان ده‌ربڕی. به‌ڵام دواتر له‌ مانگى دوو ترامپ ڕازى بوو هێزێکى بچوکى ئه‌مه‌ریکا له‌وێ بمێنێته‌وه‌.



ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا


زۆرترین خوێندراو