لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کان له‌گه‌ڵ جووتیاران و نوێنه‌رانى دانیشتوانى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان کۆبۆوه‌

21.05.2019
جەماوەر نیوز
پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌مه‌ ٢١-٥-٢٠١٩، لیژنه‌ى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى د.جوان یونس، سه‌رۆکى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژکارانى لیژنه‌که‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازییان له‌ کۆمه‌لێک جووتیارو نوێنه‌رانى دانیشتووانى سنوورى ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕان کرد.
له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا جووتیاران و نوێنه‌رانى ئه‌و ناوچانه‌ یاداشتێکیان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى ناوچه‌که‌یان و هه‌روه‌ها داواکارییه‌کانیان پێشکه‌ش به‌ لیژنه‌که‌ى په‌رله‌مان کرد و هه‌روه‌ها باسیان له‌ ڕه‌وشى نائاسایى ئه‌و ناوچانه‌ کرد که‌ خه‌ڵکه‌که‌ى له‌لایه‌ن گرووپ و هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانى ناوچه‌که‌وه‌ رووبه‌ڕووى چه‌ندین کێشه‌و گرفت بوونه‌ته‌وه‌، جووتیاره‌کان ترسى ئه‌وه‌یان به‌ لیژنه‌که‌ گه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ زوو چاره‌سه‌ر نه‌کرێت ئه‌وا ئێستا وه‌رزى دروێنه‌یه‌ و زه‌وى و گه‌نمى جووتیاران تووشى ئاگر به‌ربوون ده‌بێت، چونکه‌ رێگرى له‌ جووتیاره‌ کورده‌کان ده‌کرێت که‌ کاره‌نى خۆیان رابپه‌ڕێنن، هه‌وروه‌ها داوایانکرد هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌کانیان بۆ پاراستنى خاک و خه‌ڵکه‌که‌ى.
هه‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ خراپیى ئیداره‌ى پارێزگار و پارێزگارى که‌رکووک کرا به‌رامبه‌ر به‌ کورده‌کان.
پاش ئه‌وه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى دا له‌لایه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ یاداشتنامه‌که‌ خوێنرایه‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو