وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا: به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى له‌لایه‌ن سوریاوه‌ هێڵى سووره‌

22.05.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى له‌ لایه‌ن ڕژێمى سوریاوه‌ هێڵى سووره‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ کاربه‌ده‌ستێکى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا له‌ لێدوانێکیدا بۆ که‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ ئه‌مه‌ى ڕاگه‌یاند و وتى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ ناوچه‌که‌ چاودێرى جموجۆڵه‌کانى ڕژێمى سوریا ده‌که‌ن.

پـێشتر شان ڕۆبه‌رتسن، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى هۆشدارى به‌ حکومه‌تى سوریا دا و وتى "ده‌بێت ڕژێمى ئه‌سه‌د به‌کارهێنانى چه‌کى کیمیایى دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌... چونکه‌ هیچ گومانێکى تێدا نیـیه‌ به‌ خێرایى و به‌ توندى کاردانه‌وه‌مان ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ چه‌کانه‌ به‌کاربهێنێته‌وه‌."

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکاش ڕایگه‌یاند نیشانه‌ هه‌ن ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ڕه‌نگه‌ هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ به‌ چه‌کى کیمیایی( گازى کلۆر) هێرشى کردبێته‌ سه‌ر ناوچه‌کانى باکورى ڕۆژئاواى سوریا.

خانم مۆرگن ئۆرتێگه‌س وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ وتی" هێشتا زانیارى کۆده‌که‌ینه‌وه‌ له‌ باره‌ى ڕووداوه‌که‌، به‌ڵام دووباره‌ى ده‌که‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ربێت و ڕژێمى ئه‌سه‌د چه‌کى کیمیایى به‌کاربهێنێت ئه‌وا ده‌ستبه‌جێ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانمان وه‌ڵامى گونجاویان ده‌بێت."

هه‌تا ئاماده‌کردنى ئه‌م هه‌واڵه‌ حکومه‌تى سوریا هیچ ڕاگه‌یاندنێکى فه‌رمى له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌بووه‌.




ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 


زۆرترین خوێندراو