نێچیرڤان بارزانی په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

28.05.2019
جەماوەر نیوز
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند " سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چه‌تری یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت".
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو" ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگه‌، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی:
وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ پەرلەمانی کوردستانی بەڕێز، کە ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان متمانەیان پێدام، سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتییی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا.
کوردستانیانی خۆشەویست
ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگه‌، ئامانجی سەرەکیمان دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا، هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. 
هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە  بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکاری و پەڕگیرییەک. بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوامیدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە لایەنە بەشداربووەکانی دەخوازێت. 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان
٢٨/٥/٢٠١٩

زۆرترین خوێندراو