ئوسترالیا : به‌رده‌وام ده‌بین له‌ گێڕانه‌وه‌ى کۆچبه‌رانى قاچاخى ده‌ریایى

03.06.2019
جەماوەر نیوز
وه‌زیرى ناوخۆى ئوسترالیا، پیته‌ر داتن، له‌ کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌نوسیدا ڕایگه‌یاند له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى ئێستاى ئوسترالیا به‌سه‌رۆکایه‌تى سکۆت مۆریسن که‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنى کابینه‌ى نوێى حکومه‌تى ئه‌و ووڵاته‌، ئوسترالیا ڕێوشوێنه‌ تونده‌کانى پاراستنى سنوره‌کانى ئوسترالیا خاو ناکه‌نه‌وه‌ و هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت به‌ قاچاخ و به‌ به‌له‌م ڕوو له‌ ئوسترالیا بکات، ده‌ستگیرده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ى ووڵاتى خۆى ده‌کرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نوسیه‌دا، وه‌زیرى ناوخۆى ئوسترالیا باسى ده‌ستگیرکردنى به‌له‌مێکى قاچاخى کۆچبه‌ران کرد که‌ به‌ودوایانه‌ ڕووى له‌ ئوسترالیا کردووه‌ و 20 سه‌رنشینى به‌ڕه‌گه‌ز سریلانکى تێدابووه‌ که‌ سه‌رجه‌میان ده‌ستگیرکراون و ڕه‌وانه‌ى سریلانکا کراونه‌ته‌وه‌. 

هاوکات، وه‌زیرى ناوخۆى ئوسترالیا داواى له‌ پارتى کرێکارانى ئوسترالیا کرد که‌ له‌ ئێستادا له‌به‌ره‌ى ئۆپۆزیسیۆنن که‌ له‌ په‌رله‌مان پشتگیریان بکه‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى یاساى گواستنه‌وه‌ى په‌نابه‌رانى دوورگه‌کانى ناورۆ و پاپانیوگینا بۆ ئوسترالیا که‌ پێشتر به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌ ئوسترالیا ده‌رکراوه‌. 


زۆرترین خوێندراو