سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دۆخى که‌رکوک تاوتوێ ده‌که‌ن

04.06.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمار د.به‌رهه‌م ساڵح،ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3-6-2019 له‌به‌غدا،پێشوازیکرد له‌سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران د.عادل عه‌بدولمه‌هدی.

له‌میانى دیداره‌که‌دا باس له‌بارودۆخى ناوچه‌که‌ وجیهان و  دواپێشهاته‌ سیاسییه‌کانى عێراق کرا، له‌و باره‌یه‌وه‌ وسیاسه‌تى خۆ به‌ دورگرتن له‌ جه‌مسه‌رگیرى و به‌رده‌وامى پابه‌ندبوون به‌سیاسه‌تێکى ئاشکرا که‌ خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى عێراق بکات ته‌ئکید لێ کرایه‌وه‌، هاوکات سه‌باره‌ت به‌ له‌به‌ر چاوگرتنى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتمانى وڵات و بڕیارى سیاسى سه‌ربه‌خۆ و دورخستنه‌وه‌ى وڵات له‌ کاریگه‌رى ململانێ و قه‌یرانه‌کانى ناوچه‌که‌ بیروڕا ئاڵوگۆێ‌ کرا.

له‌به‌شکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا، گفتوگۆ کرا له‌باره‌ى ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ردوو کۆنگره‌ى عه‌ره‌بى و ئیسلامی، که‌ له‌ شارى مه‌ککه‌ى پیرۆز به‌م دواییانه‌ ئه‌نجام درا.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا، تاوتوێى بارودۆخى هه‌ردوو شارى که‌رکوک و دیاله‌ و پێویستى خستنه‌گه‌ڕى تواناکان بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفتانه‌ کرا که‌ رووبه‌ڕووى ئه‌و دوو شاره‌ بوونه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى پێویستى کارکردن بۆ به‌گژدا چونه‌وه‌ى تیرۆر وچه‌سپاندنى ئاسایش وئاشته‌وایى کۆمه‌ڵگه‌.