له‌ سه‌عدیه‌ بۆمبی چێنراو بۆ جوتیارانی كورد داده‌نرێت

22.06.2019
جەماوەر نیوز
له‌ سه‌عدیه‌ ڕه‌ز و باخی جوتیارانی كورد ده‌سوتێنرێت و ڕێگریش له‌ كوژانه‌وه‌ ده‌كرێت.
شێرکۆ تۆفێق، کارگێڕى لقی خانه‌قینى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند ماوه‌ى که‌متر له‌ مانگێکه‌ شه‌وانه‌ ئاگر به‌رده‌درێت له‌ ده‌غڵ ودان وڕوزو باغى جوتیاره‌ کورده‌کانى ناوچه‌که‌ و ڕووبه‌ڕێکى زۆریش به‌و هۆیه‌وه‌ سوتا که‌ سه‌ره‌تا گومانى ئه‌وه‌مان له‌ لا دروستبوو ئه‌و کاره‌ داعش پێى هه‌ستابێت، به‌ڵام دواتر بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و حه‌شدى شه‌عبییه‌ى که‌ له‌ ناوچه‌که‌ جێگیرن و زۆرینه‌شیان خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ن ئه‌وان به‌و کاره‌ هه‌ستاون بۆ ئه‌وه‌ى فشار له‌ کوردانى ناوچه‌که‌ دروست بکه‌ن تاکو ده‌ست به‌ردارى باغ و ڕه‌زه‌کانیان بن وناوچه‌که‌ به‌جێ بهێڵن وکۆچ بکه‌ن.
ناوبراو وتیشی له‌ ئێستادا شه‌وانه‌ ئه‌و حه‌شدى شه‌عبییانه‌ هه‌ڵده‌کوتنه‌ سه‌ر ڕه‌ز و باخى جوتیاره‌ کورده‌کانى ناوچه‌که‌و ئاگرى تێبه‌رده‌ده‌ن که‌ ئه‌مه‌ش پیلانێکه‌ حه‌شدى شه‌عبى به‌ هاوکارى ده‌ستى ده‌ره‌کى ئه‌نجامى ده‌دات و له‌و ڕووه‌‌ش به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌و حه‌شدانه‌ شه‌وانه‌ وه‌کو داعش خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و دێنه‌ ناوچه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌س نه‌یاناسێته‌وه‌ و ئاگر له‌ ده‌غڵ و دانى و ڕه‌زوباخى کورد به‌رده‌ده‌ن و ڕێگریش له‌ تیمه‌کانى ئاگر کوژێنه‌وه‌ش ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ى ئاگره‌که‌ نه‌کوژێننه‌وه‌ تاکو ئه‌و ده‌غڵ و دان و ڕه‌ز و باخه‌ به‌ ته‌واوه‌تى بسوتێت .
شێرکۆ تۆفێق هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد پێش سوتاندنى ئه‌و ڕه‌زوباخانه‌، بۆمبى چێنراو داده‌نرێت له‌و ناویاندا بۆ ئه‌وه‌ى که‌ کاتێک جوتیاره‌ کورده‌کان ده‌چنه‌ نێو ئه‌و ڕز و باخانه‌ پێاندا بته‌قێته‌وه‌و و تیرۆریان بکات که‌ له‌ ماوه‌ى 15 ڕۆژى ڕابردوودا دوو بۆمبى چێنراو له‌ ناو یه‌کێک له‌ ڕه‌زه‌کانى ده‌وروبه‌رى شاره‌دییه‌که‌دا ته‌قییه‌وه‌و دوو هاوڵاتى کرده‌ قوربانى که‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌کى زۆرى له‌ لای جوتیاره‌ کورده‌کانى ناوچه‌که‌ دروست کردووه‌ و له‌ ئێستا زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ سه‌ردانى ڕه‌زوباخه‌کانیان ده‌که‌ن ، یاخود هه‌ندێکیان وازیان له‌ ڕزه‌باخه‌کانیان هێناوه‌و سه‌ردانى ناکه‌ن نه‌وه‌ک بۆمب چێنرابێت و پێاندا بته‌قێته‌وه‌  و بیانکاته‌ قوربانى.
ساڵح مه‌هدى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌دێى سه‌عدییه‌ به‌جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند ماوه‌یه‌که‌ له‌ سنورى شاره‌دێى سه‌عدییه‌ ده‌غڵ و دانى جوتیاران به‌ ئاشکرا ئاگرى تێبه‌رده‌درێت و ده‌سوتێنرێت وئه‌و ناوچه‌یه‌ش  ئه‌و ده‌غڵ ودانه‌ى لێیه‌ له‌ ژێر کۆنترۆڵى هێزه‌ عێراقییه‌کان، به‌ تایبه‌ت حه‌شدى شه‌عبیدایه‌ که‌ له‌ پێش چاوى ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌و کارانه‌ ئه‌نجامده‌درێت ،به‌ ڵام ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ردا بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌و بێده‌نگن وهیچ هه‌ڵوێستێکیان نییه‌ وتاکو ئێستاش یه‌ک که‌س ده‌ستگیر نه‌کراوه‌ ، ئه‌وه‌ش که‌ سوتێنراوه‌ به‌ سه‌دان دۆنمى کشتوکاڵى ده‌بێت وله‌ 80% بۆ جوتیاره‌ کورده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وئه‌وانیش چونکه‌ تاکو ئێستا ئاواره‌ن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌و هۆیه‌ش ناوتوانن له‌ کاتى سوتاندنى ده‌غڵ و دان وباخ و ڕه‌زه‌کانیان هیچ بکه‌ن.
ناوبراو وتیشی ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌ کۆبه‌نه‌وه‌کانماندا باسکردووه‌ و داواکاریشمان بۆ سه‌ره‌وه‌ى خۆمان به‌رز کردۆته‌وه‌ بۆ ڕێگرى کردن له‌و دیارده‌یه‌ وقه‌ره‌بو کردنه‌وه‌ى ئه‌و هاوڵاتییانه‌ى که‌ توشى زه‌ره‌ر و زیان هاتوون، به‌ڵام تاکو ئێستا وه‌ڵامى پێویستمان وه‌رنه‌گرتووه‌ و چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامین.

زۆرترین خوێندراو