بڵندگۆ له‌ بازاڕ و كۆڵانه‌كاندا قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

23.06.2019
جەماوەر نیوز
له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا ده‌ست به‌سه‌ر (119) بڵندگۆدا گیراوه‌ كه‌ بونه‌ته‌ هۆی نانه‌وه‌ی كێشه‌و ئاژاوه‌ و دروستكردنی ژاوه‌ژاو له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی.
به‌هۆی بێزاركردنی هاوڵاتیان و دروستكردنی ژاوه‌ژاو، قائیمقامییه‌تی سلێمانی به‌كارهێنانی بڵندگۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له‌لایه‌ن دوكاندار و ئۆتۆمبێل و فرۆشیاران قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و سه‌رپێچیكارانیش روبه‌روی سزای یاسایی ده‌كاته‌وه‌.
به‌كارهێنانی ئامێری تایبه‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگ (بڵندگۆ) له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ دوكاندار و ئۆتۆمبێل فرۆشیارانی میوه‌ و خۆراك له‌ بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كاندا بووه‌ به‌ دیارده‌ ‌ئه‌مه‌ش بێزاری هاوڵاتیانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، قائیمقامی سلێمانی‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی بڵندگۆكانی داوه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان و پۆلیسی رێكاری (الانچباگ) و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر چووه‌ته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
له‌نوسراوێكدا كه‌له‌لایه‌ن پۆلیسی سلێمانی/ به‌شی رێكاریی ئاراسته‌ی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كراوه‌ هاتووه‌؛ له‌ناو بازاڕی شاری سلێمانیدا ده‌ست به‌سه‌ر (119) بڵندگۆدا گیراوه‌ كه‌ بونه‌ته‌ هۆی نانه‌وه‌ی كێشه‌و ئاژاوه‌ و دروستكردنی ژاوه‌ژاو له‌ بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی، له‌نوسراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ روو بفه‌رموون به‌ وه‌رگرتنی ئه‌و بڵندگۆیانه‌ی (مكه‌به‌ره‌) ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ بۆ له‌ناوبردنی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌.
لای خۆشیه‌وه‌ ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی رایگه‌یاند رێگه‌ نادرێت به‌هیچ جۆرێك ئه‌و ئامێرانه‌ له‌ بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كه‌ندا به‌كاربهێنرێت و لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كانیشی راسپاردووه‌ ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بڵندگۆیانه‌دا بگرێت و سه‌رپێچیكارنیش روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌‌.


زۆرترین خوێندراو