سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌خت له‌ پێویستى به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ و هاریکارى نێوان عێراق و ئه‌مریکا ده‌کاته‌وه‌

07.07.2019
جەماوەر نیوز
سه‌رۆک کۆمارى عێراق جه‌ختى له‌ پێویستى به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندى دۆستانه‌ و هاریکارى نێوان عێراق و ئه‌مریکا کرده‌وه‌، به‌جۆرێک که‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانى هه‌ردوو وڵات و به‌هێزکردنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌که‌دا بکات.

سه‌رۆک کۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 7-7-2019  له‌ کۆشکى سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیکرد له‌ نێرده‌ى تایبه‌تى ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا بۆ سوریا جێمس جێفرى و باڵیۆزى ولایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له‌ عێراق ماسیۆ توله‌ر. 

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌رۆک کۆمار ئاماژه‌ى به‌گرنگى گفتوگۆى جددى کرد له‌ نێوان گشت لایه‌نه‌کاندا له‌ پێناوى چاره‌سه‌رکردنى پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و کۆتایى هێنان به‌ قه‌یرانه‌کان، به‌جۆرێک که‌ یارمه‌تى ده‌ر بێت له‌ چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى ئاشتى له‌ جیهاندا.

سه‌رۆک کۆمارى عێراق تیشکى خسته‌ سه‌ر سیاسه‌تى هاوسه‌نگى عێراق له‌گه‌ڵ هه‌موواندا بۆ نزیککردنه‌وه‌ى دید و بۆچوونه‌کان له‌ نێوان وڵاتانى ناوچه‌که‌دا ، له‌ پێناو که‌مکردنه‌وه‌ى گرژى و ئاڵۆزییه‌کان، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگى دۆزینه‌وه‌ى ڕێگاچاره‌ى گونجاو کرده‌وه‌ بۆ دۆخى سوریا و نه‌هێشتنى نه‌هامه‌تێیه‌کانى گه‌لى سوریا و هاریکاریکردنیان له‌ پرۆسه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا، هاوکات جه‌ختى له‌ پاراستنى ئاسایش و سه‌قامگیرى و سه‌روه‌رى عێراق کرده‌وه‌.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ى جێمس جێفری، ئاماده‌یى وڵاته‌که‌ى بۆ به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ عێراق له‌ گشت بواره‌کاندا ده‌ربڕی، و دووپاتیشى له‌ خواستى ئه‌مریکا کرده‌وه‌ بۆ فراوانکردنى هاریکارى و هه‌ماهه‌نگى هاوبه‌ش له‌ باره‌ى دۆسێى و کێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌که‌ و جیهاندا.