ڕێواز فایه‌ق بووبه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

11.07.2019
جەماوەر نیوز
‌ د. ڕێواز فایه‌ق به‌ ده‌نگی (72)  په‌رله‌مانتار متمانه‌ی پێبخشرا بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان.  
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 11ی ته‌موز  په‌رله‌مانی كوردستان  كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ریه‌ك له‌ رێواز فایه‌ق و شادی نه‌وزاد خۆیان كاندید كرد‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان.
هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند، به‌ ده‌نگدانی نهێنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت.
دوای ته‌واوبوونی رێككاره‌كانی ده‌نگدانی په‌رله‌مانتاران، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بوو ، د.رێواز فایه‌ق له‌فراكسیۆنی سه‌وز 72 ده‌نگ و شادی نه‌وزاد له‌فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ 16 ده‌نگ و هه‌روه‌ها ده‌نگی هه‌ژمار نه‌كراویش 9 ده‌نگ بوو. به‌مجۆره‌ د.رێواز فایه‌ق بووه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان.
پاشان د.رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ی وه‌رگرت و له‌وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ هه‌ستیارو قورسه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به‌باشترین شێوه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی كاركردنی پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و پره‌نسیپه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان دێته‌ دی.
وتیشی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی ئه‌رێنی و جدین و ئه‌مه‌ش ده‌سپێكێكی باش و گرنگه‌ تاوه‌كو په‌رله‌مان وه‌كو مه‌رجه‌عی ده‌ستووری و یاسایی هه‌رێم هه‌نگاوی جدی و گه‌وره‌ بهاوێژێت له‌ پێشخستنی هاوئاهه‌نگیی زیاتر له‌نێوان هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم و پرۆسه‌ی یاساداناندا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "له‌ئێستادا كه‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر رێچكه‌ی كۆتاییی كاركردن، ئه‌وا خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی كارو پڕۆژه‌ی كرده‌یین و وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی خولی پایزه‌ی دانیشتنه‌كان كار بكه‌ین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ده‌رچوواندنی یاسا گرنگ و له‌پێشینه‌كان و له‌سه‌روو هه‌مووشییانه‌وه‌ په‌سه‌ندكردن و هێنانی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم بۆ ناو په‌رله‌مان. 
پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ركه‌وته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ و پێشتر له‌ لایه‌ن ڤالا فه‌رید به‌ شێوه‌ی كاتی به‌ڕێوه‌ده‌برا.
دوێنێ، ڤالا فه‌رید، وه‌ك وه‌زیری هه‌رێم له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد و ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مانی كوردستان بوو.