سوپای تورکیا هێرشی نوێ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامده‌دات

9/15/2008 10:10:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز-ئاژانسه‌کان
سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ڕایانگه‌یاند سوپای تورکیا ده‌ستی به‌ تۆپبارانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌ سنووریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان کردووه‌.
به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ سوپای تورکیا دوێنێ شه‌و بۆماوه‌ی چه‌ند کاتژمێرێک ناوچه‌کانی نزدوری و سیلی سه‌ربه‌ شارۆچکه‌ی زاخۆو ده‌وروبه‌ریان بۆردومانکردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌وامی بۆردومانه‌که‌و سه‌ختی شوێنه‌که‌وه‌ تائێستا ڕێژه‌ی زیانه‌کان نه‌زانراوه‌.
شایانی باسه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌ربازی تورکیا جارێکی تر مۆڵه‌تی دایه‌ سوپا بۆ هێرشکردنه‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕاوه‌دوونانی گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌و جه‌میل بایاک ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی پارتی کرێکارانی کوردستان-په‌که‌که‌ش ڕایگه‌یاند که‌ تورکیا به‌نیازه‌ له‌ وه‌رزی پایزدا زنجیره‌یه‌ک هێرش بکاته‌ سه‌ر په‌که‌که‌.
ووتیشی: هێرشی ئه‌مجاره‌ی سوپای تورکیا فراوان و درێژخایه‌نتر ده‌بێت به‌ڵام په‌که‌که‌ش خۆی بۆ ئاماده‌کردووه‌.
وه‌ک ئاماده‌کاریه‌کیش بۆئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیانه‌، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا حاڵه‌تی نائاسایی له‌شاره‌کانی "شه‌رناخ، باتمان، وا، هه‌کاری" ڕاگه‌یاندووه‌و ماوه‌ی یه‌ک مانگ ده‌خایه‌نێت.

زۆرترین خوێندراو