مۆزه‌خانه‌که‌ى گوڵه‌خانه‌
05.03.2019

مۆزه‌خانه‌و گرنگى مۆزه‌خانه‌ زیندووکردنه‌وه‌ى ئه‌و مێژوو ژیان و سه‌ده‌یه‌یه‌ که‌ میلله‌تێک له‌سه‌ر خاک و ماڵ و کێڵگه‌ى خۆى و ژیانى باووباپیرانى ژیاوه‌ ، پاراستنى مێژووه‌که‌ى ئۆباڵى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانى ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ .
ئه‌گه‌ر چى کوردستان به‌ گشتى مێژوویه‌کى دوورو درێژى هه‌یه‌ وه‌ وه‌کو کۆنترین جێگا هه‌ژمار ده‌کرێت له‌ جیهان و که‌ سه‌ره‌تایى مرۆڤایه‌تى تێدا ده‌ستى پێ کردووه‌ وه‌ مرۆڤ له‌ چیاکانه‌وه‌ له‌ تاکه‌ که‌سى یه‌وه‌ هاتوون و پێکه‌وه‌ ژیانى هاوبه‌شیان گرێ داوه‌ و ژیاون و کشتووکاڵیان ئه‌نجام داوه‌ که‌ نمونه‌یان گوندى چه‌رمۆى ناوچه‌ى چه‌مچه‌ماڵه‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ ٢٥ کم دوورى شاره‌که‌ ، ئێستا سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌و توێژینه‌وه‌ى تێدایه‌ ، به‌ڵام حوکمڕانى به‌درێژایى سه‌ده‌کان نه‌یانتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى مۆدرن مۆزه‌خانه‌ى نیشتیمانى یان گشتى بۆ ئه‌و مێژووه‌ دروست بکه‌ن.
ده‌سه‌ڵات له‌ ڕابردوودا ته‌نها حوکمى ئاگرو ئاسنى کرد به‌رانبه‌ر به‌ دانیشتوانى کوردستان وه‌که‌م که‌س توانیوێتى ئه‌و ئامێرو که‌ره‌سته‌و مێژووانه‌ وه‌کو خۆى بپارێزێت ، هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان به‌هۆى شه‌ڕو داگیرکارى ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌ له‌ده‌ست چوون ، به‌هۆى ژیانى سه‌خت و نه‌دارى یه‌وه‌ که‌ره‌سته‌کان فرۆشراون بۆ ده‌ره‌وه‌ى کوردستان یان خاپوور کراون.
گوڵه‌خانه‌و مۆزه‌خانه‌ى داهاتوو
به‌ڕێز محمد حاجى محموود .. پێشمه‌رگه‌یه‌کى ناسراوى چیاکانى کوردستان له‌ سه‌ده‌ى بیسته‌م و دوایى سه‌ده‌ى بیسته‌م له‌ناو چه‌قى هه‌موو ئاگرو ئاسنه‌کان دا ، ئێستا له‌دواى ئه‌و هه‌موو پاشماوانه‌ له‌که‌ره‌سته‌کانى شه‌ڕى سه‌ده‌و نیو زیاترو ڕووداوه‌کانى ناوچه‌که‌ ته‌مه‌نێکى بێ سنووریان هه‌یه‌ و به‌رنامه‌ داڕێژیه‌کى کردووه‌ بۆ پاراستنیان له‌ نێو مۆزه‌خانه‌یه‌ک له‌ پێ ده‌شتى شاره‌زوور به‌تایبه‌ت گوندى گوڵه‌خانه‌ بۆته‌ هیواى ئه‌و پێشمه‌رگه‌و مرۆڤه‌ى که‌ خۆى شایه‌ت حاڵى رووداوه‌کانه‌.
به‌ڕێز محمد حاجى محموود بۆ خۆى ئاره‌زوویه‌کى تایبه‌تى هه‌یه‌ که‌ گرنگى بدات به‌ ئه‌رشیف و ببیبلۆگرافیاو نامه‌ده‌ستى یه‌کان و به‌ئه‌رشیف کردنیان، وه‌ گرنگى به‌ سروشت و پارێزگارى له‌ سروشت ده‌کات ، له‌دیدارى به‌رنامه‌ى ئیس په‌ى ڤه‌ى ڤیپ دا باسى لێوه‌ کردووه‌ که‌له‌ ماوه‌ى چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌کدا به‌ هه‌زاره‌ها به‌ڵگه‌نامه‌و نامه‌ى ده‌ستنووس و دیکومێنتارى وپاراستووه‌ که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شۆرشى گه‌لى کورد له‌ کوردستان و نامه‌ى سه‌رکرده‌و فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگایه‌تى و سیاسه‌تمه‌دارانى کوردستان و به‌ڵگه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران و پاراستنى نمونه‌ى که‌ره‌سته‌وچه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و ئۆتۆمۆبیل و نمونه‌ى زیندووى سه‌رده‌مانێک که‌ به‌ ئاسن و ئاگر ناوبراوه‌ له‌ ڕابردووى شۆرشى کوردا .
ئه‌و به‌رنامه‌ داڕێژراوه‌ى که‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ له‌نێو مۆزه‌خانه‌یه‌کدا به‌ناوى مۆزه‌خانه‌ى گوڵه‌ خانه‌ .. هۆیه‌ک ده‌بێت بۆ پاراستن و پارێزراوى مێژوویه‌ک که‌ که‌سێک نوسیویه‌تى وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ یان پاراستیویه‌تى ، بۆیه‌ گرنگى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌م کاته‌دا هۆیه‌که‌ بۆ چه‌ند خاڵێک .
1- پاراستنى مێژوویه‌کى پر له‌ تاڵ و شیرین و ڕووداوى گه‌رم .
2- جێگایه‌ک بۆ ڕاستى به‌ڵگه‌نامه‌کان وه‌ پشت ڕاست کردنه‌وه‌یان وه‌کو به‌ڵگه‌نامه‌ .
3- مۆزه‌خانه‌یه‌ک که‌ جێگا په‌نجه‌ى جه‌نابى کاک محمد حاجى محموود بۆ هه‌تا هه‌تایى ده‌مێنێته‌وه‌.
4- له‌هه‌ر سه‌ردانێکدا مرۆڤ هه‌ست به‌ مێژووى دێرینى خۆى ده‌کات وه‌ جیهانیش چاویان لێ ده‌بێت وه‌کو ڕاستى و به‌ڵگه‌ نامه‌یى .
به‌هه‌زاره‌ها تۆن به‌ڵگه‌نامه‌ له‌ خزمه‌تى که‌سایه‌تیه‌کاندا نه‌بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان له‌نێویان بردووه‌ .. گوڵه‌خانه‌ ..وێستگه‌یه‌ک بۆ که‌لتوورو سه‌ردان و ئاوه‌دانى و گێڕانه‌وه‌ى مێژوویه‌کى پێ‌ له‌ ئه‌زموون و تاڵى میلله‌تى کورد که‌له‌ برى حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات پێشمه‌رگه‌یه‌کى ناودارى کوردستان توانیوێتى بیانپارێزێت و پارێزراوى له‌ مێژووه‌که‌ى بکات ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز کاک محمد حاجى محمد توانیوێتى چه‌ند په‌رتووکێک به‌ چاپ بگه‌یه‌نێت بێجگه‌ له‌ ڕۆژمێرى پێشمه‌ریه‌ک که‌ له‌ چوار به‌رگدا وه‌ ئێستا به‌رگى پێنجه‌مى له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ چاپ کردن ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کارانه‌ش چالاکى و خزمه‌تێکى زیندووى ڕۆژانى پێشمه‌رگایه‌تى و دۆزه‌کانى گه‌لى کوردن .
مۆزه‌خانه‌ى گوڵه‌خانه‌ وه‌رچه‌رخانێک ده‌هێنێته‌ کایه‌وه‌ که‌ مرۆڤ له‌ نزیکه‌وه‌ ناوه‌ نهێنییه‌کان بخوێنێته‌وه‌ و ڕابردوویه‌کى تاڵ و شیرین تۆمار بکات له‌ ڕابردووى گه‌لێکى بێ ووڵاتدا .

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە