هه‌واڵێکى گارداشیان بارته‌قاى سه‌د هه‌واڵى سیاسیه‌که‌
22.04.2019

جه‌ماوه‌رنیوز

زانکۆ سه‌ردار

به‌ بۆنه‌ى تێپه‌ڕینى 121 ساڵ به‌سه‌ر ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌رى کوردیدا

پێش هه‌موو شتێک، نه‌ک له‌ کارى رۆژنامه‌وانى به‌ڵکو له‌ هیچ شتێکى ژیانم په‌شیمان نیم، چونکه‌ ئه‌وه‌ى له‌ژیانمدا ڕوویداوه‌ خۆم خاوه‌نیم و ڕۆژگارى من بووه‌ که‌ ده‌بوو وه‌ها به‌ڕێى بکه‌م، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ساڵانه‌ى ته‌مه‌نیش بۆخۆى بێ‌ ئه‌زموون نه‌بووه‌.

 22ى نیسانى 1898 ڕۆژنامه‌ى (کوردستان) له‌سه‌ر ده‌ستى (میقدات مه‌دحه‌ت به‌درخان) و بنه‌ماڵه‌ى به‌درخانییه‌کان له‌قاهیره‌ى پایته‌خى میسێ‌ یه‌که‌م ژماره‌ى لێى چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، له‌و ساڵه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا کورد به‌ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانییه‌وه‌ بێ‌ ڕۆژنامه‌ و میدیا و که‌ناڵه‌کانى ڕاگه‌یاندن نه‌بووه‌، بێگومان میدیاش ڕۆڵێکى گرنگى له‌ژیانى سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و ...هتد بۆ کورد هه‌بووه‌.

ئه‌سڵى مه‌سه‌له‌که‌، پاش 121 ساڵ به‌داخه‌وه‌ میدیاى کوردى و ڕۆژنامه‌ى کوردى به‌ هه‌بوونى سه‌دان مامۆستاى زانکۆ و په‌یمانگا و ده‌یان پسپۆێ‌ و شاره‌زاى میدیایى و سه‌دان ڕۆژنامه‌وان که‌ (خۆشم یه‌کێکم له‌وان)، دۆخى میدیاى کوردى به‌و هه‌موو پانێڵ و ۆرک شۆپ و خولانه‌ى له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێته‌وه‌ هێشتا به‌جۆرێک له‌دواوه‌ و ماڵوێرانه‌ که‌ پێم وایه‌ جێگه‌ى هیچ هیوایه‌کى نه‌ماوه‌ته‌وه‌، بێگومان ئه‌و دۆخه‌ى میدیاى کوردى پاش 121 ساڵ له‌ته‌مه‌ن تێیکه‌وتووه‌ به‌رپرسیارێتى ئینسانى و ویژدانى و ئه‌خلاقى له‌سه‌ر دوابه‌یه‌کى کۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌مووان باش ده‌زانن میدیا چۆن له‌ ده‌سه‌ڵاتى چواره‌مه‌وه‌ خۆى گه‌یاندۆته‌ ده‌سه‌ڵاتى یه‌که‌م.

کێن ئه‌وانه‌ى به‌جدى دۆخى میدیاى کوردییان به‌م ماڵوێرانییه‌ گه‌یاندوه‌؟ 

به‌ڕاى به‌نده‌ به‌ڕپرسیارى یه‌که‌م خودى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نوسانى کوردستانه‌ که‌ نه‌یتوانیوه‌ یاخود نه‌یویستووه‌ ماڵى ڕۆژنامه‌گه‌رى کوردى رێکبخات له‌کاتێکدا ئه‌و سه‌ندیکایه‌ ده‌بێت مه‌رجه‌عى میدیاى کوردى به‌گشتى و به‌بێ‌ جیاوازى ده‌نگ و ڕه‌نگه‌وه‌ بێت، پاشان حزبه‌کانى کوردستان به‌گشتى و هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار به‌تایبه‌تى ئه‌وانیش پشکى شێرییان به‌رده‌که‌وێت، چونکه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆیاندا ئه‌وه‌نده‌ ناڕۆژنامه‌نوسیان کرده‌ ڕۆژنامه‌نوس و ئه‌وه‌نده‌ میدیاى بێ‌ سه‌ره‌و به‌ره‌یان دروست کرد، تاوه‌کو گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى میدیا که‌ پارێزه‌رى متمانه‌یه‌، خۆى بێ‌ متمانه‌ ببێت، دواتریش به‌شێک له‌و بازرگانه‌ چاوچنۆکانه‌ى له‌پێناو سپى کردنه‌وه‌ى ڕووى خۆیان نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ بونه‌ خاوه‌نى میدیاى خۆیان، به‌ڵکو ده‌ستیان کرد به‌یاریکردن به‌ خودى میدیاکاران و که‌سێکیش نه‌بوو پێیان بڵێت ستۆپ، پاشان له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ خودى کۆمه‌ڵگه‌ به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و میدیا پێ‌ له‌قه‌یرانه‌دا کاتێک به‌بێده‌نگى هه‌موو جۆره‌ کارێکى میدیاییان به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێنن.

پاش 121 ساڵ، ناکرێت هه‌مووان له‌یه‌کترى بپرسین ئاخۆ له‌ سه‌دا چه‌ندى ئه‌و هه‌وڵانه‌ ڕاستن که‌ بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌، ناکرێت ئاستى کارى میدیاى له‌ هه‌بوونى دابه‌شکردنى موچه‌ و سمتى گارداشیاندا بچوک بکرێته‌وه‌، ڕۆژانه‌ من کارى هه‌واڵ ده‌که‌م، باش له‌وه‌ گه‌یشتووم هه‌ر هه‌واڵێکى گارداشیان بارته‌قاى سه‌د هه‌واڵى سیاسییه‌که‌ له‌ڕووى وه‌رگرتنه‌وه‌ له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا، باش تێگه‌یشتووم له‌وه‌ى میدیاى کوردى چه‌نده‌ میدیایه‌کى بێ‌ دڵسۆز و بێ‌ سه‌روبه‌ره‌یه‌، باش تێگه‌یشتووم له‌وه‌ى چۆن له‌سه‌ر حسابى عه‌قڵ و بینینى خه‌ڵک به‌ڕاست و چه‌پدا کارده‌کات و که‌سێکیش نیه‌ خۆى به‌خاوه‌نى بزانێت.

هیوادارم، له‌یادى 122 ساڵه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌رى کوردیدا پێچه‌وانه‌ى ئه‌م نوسینه‌ بنوسمه‌وه‌، هیوادارم، هه‌موومان وه‌ک تاک، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌، وه‌ک میدیاکاران و ڕۆژنامه‌نوسان و سه‌ندیکا و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و گه‌ر هیچ نه‌بێت ته‌نها له‌به‌ر خاترى ئینسانى بوونى خۆمان، ڕێز له‌ ژیان بگرین که‌ تێیدا میدیا ڕۆڵێکى گرنگى هه‌یه‌.

تێبینی؛ میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان کوڕی میر به‌درخان پاشایه‌. ساڵی له‌دایک بووا و کۆچی دوایی نه‌زانراوه‌. میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ناوێکی ئاوێته‌یه‌، ئه‌م شێوه‌ ناونانه‌ عوسمانییه‌کان و کورده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ فه‌ره‌نسییه‌کانیان وه‌رگرتووه‌ بۆ ناونانی ڕۆڵه‌کانیان.

ساڵی ١٨٩١ ھاتۆته‌ میسر، ساڵی ١٨٩٨ له‌ قاھیره‌ پێنج ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان بڵاو ده‌کاته‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ له‌ ترسی ھه‌ڕه‌شه‌کانی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی عوسمانی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌سته‌مبوڵ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م براکانی تووشی ه‌شکه‌نجه‌و زیندانی کردن نه‌بن


ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر

زۆرترین خوێندراو