ژینگەپارێزیی هەولێر: دوای رێوڕەسمەکانی مەولوود 30 تۆن زبڵ کۆکرایەوە

05.09.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو 30 تۆن زبڵ و خاشاکیان لەو شوێنانە کۆکردووەتەوە کە رێوڕەسمەکانی مەولوودیان تێدا کرا.

ئەندازیار ژیار جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی هەولێر ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئەو زبڵەی کۆکراوەتەوە لە سەنتەری شاری هەولێر بووە، تەنیا ئەو شوێنانەی یادی مەولوودیان تێدا کراوەتەوە".

بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە، ئەو زبڵ و خاشاکەی کۆکراوەتەوە لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە خراوەتە ژێر خاکەوە.

ژیار جەلال ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانی ئاسایی لە تەواوی شاری هەولێر و دەوروبەریدا دوو هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە.

دوێنێ لە بازاڕی شاری هەولێر رێوڕەسمێکی فراوان بۆ یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) بەڕێوەچوو، جیا لە خەڵکی شارەکە، لە ناوچەکانی دیکەشەوە هاونیشتمانییان بەشداریان تێدا کرد.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ