ئامادەكاری بۆ قۆناغی دووەمی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەكرێت

28.09.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، قۆناغی یەكەمی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك ڕاگیرا و ئامادەكاری بۆ قۆناغی دووەم دەكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند،ئامادەكاری بۆ قۆناغی دووەمی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوولەی خۆراك دەكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستپێدەكات، قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە زیادكردن و كەمكردنی ئەو هاووڵاتییانەی كە تا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بكەن، یان ئەو منداڵانەی لەدایكبوون و تۆمار نەكراون. هەروەها، ئەو كەسانەشی لە گەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی دیكە یان لە شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە گوازراونەتەوە، و ئەو هاوسەرانەی فۆڕمی جیایان نییە، دەتوانن لەم قۆناغەدا كارەكانیان ئەنجام بدەن.
ڕوونیشی كردەوە، جێبەجێكردنی قۆناغی دووەم پێویستی بە كۆمەڵێك میكانیزم، ئامێر و كۆمپیوتەر هەیە، بۆیە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو ئامێرانەیان بۆ دابین بكات.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆم كرد. ئەوان ئامادەییان تێدایە و ڕایانگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان پێش شارەكانی دیكەی عێراق دەخەن، بە مەرجێك ئەو پێداویستیانەی دەیانەوێت، بۆیان دابین بكەن، تاكوو دەست بە قۆناغی دووەم لە كوردستان بكەن.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ