وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی مالیكی: سودانی خولی دوه‌م نابینێته‌وه‌

04.12.2025
جەماوەر نیوز
عه‌قیل فه‌تلاوی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا كه‌ له‌لایه‌ن نوری مالیكیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت ڕایگه‌یاند، محه‌مه‌د شیاع سودانی جارێكی دیكه‌ خولی دوه‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق نابینێته‌وه‌ و ده‌شڵێت، دیاریكردنی حزبوڵا و حوسیه‌كان له‌لیستی تیرۆر به‌هه‌ڵه‌ نه‌بوه‌".
عه‌قیل فه‌تلاوی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، خستنه‌ڕوی حزبوڵا و حوسییه‌كان له‌ لیستی تیرۆردا به‌ هه‌ڵه‌ نه‌بوه‌"، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "لیژنه‌ی بلۆككردنی پاره‌ی تیرۆریستان له‌ ئه‌ندامی وه‌زاره‌ته‌ جیاوازه‌كان پێكدێت".
وتیشی، "سودانی له‌ هه‌مو گروپه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ واتسئه‌پ دورخراوه‌ته‌وه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "یارییه‌كه‌ كۆتایی هاتوه‌، سودانی خولی دوه‌می نابینێته‌وه‌"، ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی سودانی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران جارێكی دیكه‌ هه‌ڵنابژێردرێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی ڕابردوی په‌رله‌مانی عێراق.
رۆژنامه‌ی وه‌قائیقی عێراقی له‌ نوێترین ژماره‌یدا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، كه‌ حکومەتی عێراق هه‌ریه‌كه‌ له‌ بزوتنەوەی حوسی لە یەمەن و حزبوڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساند، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە ئه‌مینداریه‌تی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
دوای ئه‌وه‌ش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فه‌رمانیكرد لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بكرێت بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە دانانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبوڵای لوبنان و حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن له‌ لیستی تیرۆردا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیقی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌

بابەتی هاوشێوە