کێشەی 550 ملیۆن دینارە سویسرییەکەی سلێمانی دەبرێتە وەزارەتی دارایی عێراق

05.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاریی 12 هەزار خێزانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەفەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێرێت بۆ چارەسەری کێشەی گۆڕینەوەی 550 ملیۆن دیناری سویسریی سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق.

بە گوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئاراستەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کردووە، پاڵپشتیی ژووری بازرگانیی سلێمانی وەک هاوپێچ بۆ ناردوون بۆ ئەو خێزانانەی کە ئەو پارەیەیان ماوە و نەگۆڕدراوەتەوە بە چاپی نوێی دیناری عێراقی.

چیرۆکی کێشەکە لە 4ی ئایاری 1993 دەستیپێکردووە، کاتێک ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشوو بە بڕیارێک دراوی کاخەزی جۆری 25 دیناری، کە لەنێو خەڵک بە سویسری ناسرابوو، کشاندووەتەوە و مافی بەو کەسانە داوە، کە ئەو پارەیەیان هەیە بیگۆڕنەوە بە جۆری دیکەی دراو. بەڵام ئەو کاتە بەهۆی راگرتنی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، خاوەنی ئەو پارانە نەیانتوانیوە بگەنە ئەو ناوچانە و بیانگۆڕنەوە.
بەگوێرەی بڕیاری کشانەوەی ئەو جۆرە پارەیە، ماوەی یەک هەفتە لەبەردەم ئەو کەسانە هەبووە کە 25 دینارییان هەبووە بۆ ئەوەی لە بانکەکان بیگۆڕنەوە و وادەکەش لە 10ی ئایاری 1993وە دەستیپێکردووە.
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە نووسراوێک لە 30ی تشرینی دووەم، نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە و داوای لێکردووە کە چاو بەو نووسراوەدا بخشێنن و ئەوەی پێویستە بۆی بکرێت.
یەکی تشرینی یەکەمی 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی نوێنەرانی خاوەنی ئەو دینارە سویسرییەی رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگەکە نییە، کە تێیدا داوایان کردبوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ ناچار بکرێن ئەو پارەیان بۆ بگۆڕدرێتەوە.
عەبدولڕەحمان عومەر، نوێنەری خاوەنی ئەو پارانە راگەیاند: چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵین بۆ گۆڕینەوەی پارەکانیان، ئەگەرنا پەنا بۆ دادگەی کارگێڕی دەبەن.
لە ساڵی 2003 پارەی چاپکراوی ئەو کاتەی عێراق گۆڕدرا بە جۆر و چاپی نوێ، کە هەر دینارێکی بەرامبەر بە 150 دیناری چاپی نوێ بوو، بەتێکڕا ئەو 550 ملیۆن دینارە سویسرییە بەهاکەی بۆ ئێستا دەگاتە 82 ملیار دینار.

بابەتی هاوشێوە