شارەوانیی هەولێر: بەهۆی شەپۆلی بارانەوە تیمەکانمان خستە ئامادەییەوە

05.12.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو بەهۆی بارانبارینەوە، هەموو تیمەکانیان خستووەتە ئامادەییەوە.

لە راگەیێندراوێکدا رۆژی هەینی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند: "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارن سەرجەم تیمەکانی دەخاتە ئامادەییەوە".
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای پلانی وەرزی زستان و خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو "ئێستا ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەکرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین لیژنە و تیمی شارەزا لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لەنێو گەڕەک و شەقامەکان جێگیر دەکرێن".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە دوو ساڵی رابردوو کاری بەردەوامیان بۆ رێگریی لە لافاو کردووە. گوتیشی: "700 کیلۆمەتر رێڕەوە سرووشتییەکانی ئاومان خاوێنکردووەتەوە".
وەکو هەنگاوێکی دیکە بۆ رێگری لە لافاو، لە هەولێر ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی دروستکراون، ئەمەش بە گوێرەی قسەکانی ئومێد خۆشناو.
شارەوانیی هەولێر رایگەیاندووە، دانیشتووانی هەولێر لەکاتی بارانباریندا "بۆ هەر پێشهات و رووداوێکی نەخوازرا و بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو یاخود دروستبوونی لافاو، دەتوانن بەزووترین کات پەیوەندی بە تیمی فریاگوزاری شارەوانییەوە بکەن".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کەشناسانیش پێشبینی دەکەن، لە چەند ناوچەیەک "بەرزبوونەوەی ئاو یان لافاو دروست ببێت"

بابەتی هاوشێوە