د. فوئاد حوسێن : پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار

09.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق ، پەردە لەسەر وردەکارییەکانی چەقبەستووی سیاسیی عێراق و گرژییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەداتەوە، دکتۆر فوئاد حوسێن ئاشکرایدەکات پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر هێزە کوردییەکان لە نێوخۆدا رێکنەکەون، پێگەیان لە بەغدا لاواز دەبێت، هاوکات زەنگێکی مەترسیدار بۆ دۆخی ئابووریی عێراقیش لێدەدات.

دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە راشکاوی باسی لە دۆخی چەقبەستووی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە لەنێوان ماڵی شیعە، سوننە و کورد نییە و سەرجەم پێکهاتەکان لە قۆناخی گفتوگۆدان.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە خاڵی ناکۆکیی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتییە، فوئاد حوسێن رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و سیاسەتی حیزبەکە بەو ئاراستەیە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا باشترە پارتی و یەکێتی پێشوەختە رێکبکەون، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە و هەردوولا بە دوو بەربژێری جیاواز دەچنە نێو پەرلەمان، کە ئەوەش کێبڕکێیەکی تووند دروست دەکات، سەبارەت بە ناوهێنانی خۆیشی بۆ ئەو پۆستە، گوتی "ناوم لە میدیاکان دەهێنرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای جەنابی سەرۆک بارزانییە و دەبێت بەم نزیکانە پارتی بەربژێری خۆی یەکلایی بکاتەوە".

بابەتی هاوشێوە