ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: راگرتنی شەڕ چەواشەکارییە

10.01.2026
جەماوەر نیوز
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت”بەناو “وەزارەتی بەرگری” لە حکومەتی دیمەشق، بانگەشەی ڕاگرتنی تەقە و شەڕی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووە، ئەمەش هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە بە شێوەیەکی بڕیاردەر جەخت دەکەینەوە کە ئەم بانگەشانە سەرلەبەریان درۆن و دوورن لە ڕاستییەوە؛ چونکە میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق تا ئێستاش بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی نەخۆشخانەی مەدەنی “خالید فەجر” بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و نەریتە مرۆییەکانە.
ئەوەش خراوەتەروو، لە کاتێکدا ئەو لایەنانە لێدوانی چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە، هێزەکانمان بەرپەرچی هێرشێکی توندی میلیشیاکانیان بۆ سەر “گەڕەکی ڕۆژئاوا” دایەوە، کە لە ئەنجامدا زرێپۆشێکی سەربازیی ئەوان تێکشکێندرا؛ ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو شەڕی کۆڵانەو کۆڵانەی کە شەڕڤانانمان بە هەموو قارەمانییەکەوە بۆ بەرگری لە گەل و گەڕەکەکانیان ئەنجامی دەدەن.
ئاسایشی حەلەب دەشڵیت، ئەم بانگەشە درۆیانە، دەموچاوە تاوانکارییە ڕاستەقینەکەی میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق ئاشکرا دەکەن، کە ڕاهاتوون درۆ وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی تاوانەکانیان بەکاربهێنن؛ هەمان ئەو شێوازە دووبارە دەکەنەوە کە لە کاتی تاوانەکانیاندا لە ناوچەکانی کەناراو و سوەیدا پەیڕەویان کرد، لە تۆپبارانکردن و بەئامانجگرتنی مەدەنییان و ژێرخانە مەدەنییەکان.
ڕوونیشیانکردۆتەوە، ئێمە حکومەتی دیمەشق و میلیشیاکانی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم تاوانانە دەزانین، و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مافپەروەرەکان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و بەپەلە بجوڵێن بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و سزادانی ئەنجامدەرانی.



بابەتی هاوشێوە