هەسەدە دەسپێكردنی شەڕی ڕاگەیاند

19.01.2026
جەماوەر نیوز

بەرپرسی ڕاگەیاندی هەسەدە ڕایگەیاند،گەلی ئێمە یان ژیانێکی سەربەرزانە، یان شەهیدبونێکی شەرەفمەندانە هەڵدەبژێرێت و بەپرسێكی ڕۆژاڤاش داوا لە گەلی کورد لە باشور و باکوری کوردستان دەکات رو لە سنورەکانی سوریا بکەن.

فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە پەیامێکی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاوکردەوە و دەڵێت، گەلی ئێمە یان ژیانێکی سەربەرزانە، یان شەهیدبونێکی شەرەفمەندانە هەڵدەبژێرێت.
لایخۆیەوە فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە لە پەیامێکی بەپەلەدا بانگەواز بۆ گەلی کورد لە باشور و باکوری کوردستان دەکات رو لە سنورەکانی سوریا بکەن و هۆشداریی دەدات کوردانی رۆژاڤا لەژێر هەڕەشەی جینۆسایدان.

لایخۆیەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کەمێک پێش ئێستا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا چیای "کزوان"یان لە باشوری شاری حەسەکە بۆردومان کرد، هاوکات ناوچەکە بەر شاڵاوێکی تۆپبارانیش کەوت.
دەشڵێت، "لە بەرامبەردا، هێزەکانمان هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقیان لە میحوەری گوندی "عالیە" تێکشکاند و زیانی گیانی و ماددی زۆریان بە لایەنی هێرشبەر گەیاند".

ئەوەش لەكاتێكدا دوای 12 ڕۆژ لە شەڕ، شەوی ڕابردو ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، مەرجەکانی ڕێککەوتنێکی نوێی 14 خاڵی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرد کە بڕیارە ئاگربەستێکی تەواو لە نێوان سوپای سوریا و هەسەدە،  یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازیەکان لە ناو حکومەتی سوریادا لەخۆبگرێت. بەڵام تاكو ئێستا شەڕ بەردەوامە.

بابەتی هاوشێوە