نرخی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە؛ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ گەیشتە 22 هەزار دینار

21.02.2026
جەماوەر نیوز
نرخی ئاژەڵ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە. ئێستا جووتێک مەڕی زاو بە 1 ملیۆن و 100 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نرخی هەمان جووتە مەڕ لە دەوروبەری 800 هەزار دیناردا بوو.

بەرزبوونەوەی نرخی مەڕ و بەرخ

محەممەد ساڵح، بازرگانێکی ئاژەڵە و باس لە گۆڕانکاریی نرخەکان دەکات و دەڵێت: "ئێستا جووتێک مەڕی باش تاوەکو 1 ملیۆن و 250 هەزار دیناریش دەڕوات. ساڵی رابردوو جووتە بەرخ بە 600 بۆ 650 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ 700 تاوەکو 800 هەزار دینار بەرزبووەتەوە."

بە گشتی نرخی مەڕو ماڵات، لەوانە مەڕی زاو، مەڕی گۆشت، بەرخ و بزن، بۆ هەر جووتێک بڕی 100 بۆ 300 هەزار دینار زیادی کردووە. هەروەها نرخی هەر مانگا و گوێرەکەیەکیش 150 بۆ 300 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەی پێشووی.

هۆکارەکانی گرانبوونی ئاژەڵ

زکری محەممەد، ئاژەڵدارە و لەربارەی هۆکارەکانی گرانبوونی ئاژەڵ ئاماژە بەوە دەکات، "ئارامیی سیاسی لە سووریا دروستبووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاژەڵێکی کەمتر لەوێوە بێتە هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەم ساڵ بارانبارین باش بووە و سیستمی گومرگی لە عێراق کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبووە."

سەرەڕای گرانبوونی نرخەکان، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ هێشتا گەرموگوڕە و خواست لەسەری بەردەوامە.

بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت

گرانبوونی ئاژەڵ راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی گۆشت لە قەسابخانەکان داناوە؛ نرخی هەر کیلۆیەک گۆشت لە نێوان 2 بۆ 4 هەزار دینار زیادی کردووە. 

بەرزبوونەوەکە بەمشێوەیەیە:

کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گوێرەکە لە 16 هەزارەوە بووەتە 18 هەزار دینار.
گۆشتی گوێرەکە بە ئێسقانەوە لە 12 هەزارەوە بووەتە 14 هەزار دینار.
کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە 18 هەزار دینارەوە بۆ 22 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

بابەتی هاوشێوە