به‌غدا "ئه‌میری ئیستانبوڵ"ی داعش ڕاده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات

24.02.2026
جەماوەر نیوز

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی عێراق ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، به‌غدا یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی ڕێكخراوی چه‌كداری داعشی ڕاده‌ستی ئه‌نقه‌ره‌ كردوه‌ كه‌ به‌ "ئه‌میری ئیستانبوڵ" ناسراوه‌.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای ئه‌منی، كه‌ بۆ "العین نیوز" قسه‌ی كردوه‌، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی داعش ناوی ئیلیا ئایدین و نازناوی (ئه‌بو عوبه‌یده‌)ی لێنراوه‌، له‌نێو كۆمه‌ڵێك زیندانی بوه‌ كه‌ پێشتر له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاوه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق، پێش ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای یاداشتنامه‌ی یاسایی و لێكتێگه‌یشتنی دولایه‌نه‌ی په‌یوه‌ست به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر بڕیاری ڕاده‌ستكردنی به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بدات.

به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ له‌ژێر ڕێوشوێنی توندی ئه‌منی و به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی هه‌ردو وڵات ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی میكانیزمێكی هاوكاریی ناوچه‌ییدا دێت كه‌ ئامانج لێی خێراتركردنی دادگاییكردنی چه‌كدارانی بیانییه‌ له‌ وڵاته‌كانی خۆیان، هه‌روه‌ها ڕێگریكردن له‌ پێكهێنانه‌وه‌ی شانه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كان.

باسی له‌وه‌شكردوه‌، بونی زیندانیانی بیانی له‌ عێراق "رێكارێكی كاتی" بوه‌ كه‌ به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی نائاسایی له‌ سوریا سه‌پێنراوه‌، هه‌روه‌ها به‌غدا ورده‌ ورده‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان بۆ وڵاته‌كانیان، به‌پێی چوارچێوه‌ یاساییه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان.

له‌لای خۆیه‌وه‌، عادل هیلالی سیاسه‌تمه‌دارێكی نزیك له‌ محه‌مه‌د شیاع شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاندوه‌، ڕاده‌ستكردنی ئه‌میری ئیسته‌نبوڵ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستێكی پێشكه‌وتوی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منییه‌ له‌ نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ هاوبه‌شانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ پرسی چه‌كدارانی بیانی كه‌ پێشتر له‌ سوریا ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

ئایدن به‌ ناوێكی دیاری ناو داعش داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی ڕاپۆرته‌ ئه‌منییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردودا چالاكیی هه‌ماهه‌نگی و شانه‌كانی په‌یوه‌ست به‌و ڕێكخراوه‌ له‌ توركیا هه‌بوه‌.

ئایدن یان ئه‌میری ئیستانبوڵ به‌فه‌رمانی نێوده‌وڵه‌تی، بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركراوه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ هێرشه‌ كوشنده‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵانی پێشودا له‌ توركیا ڕویانداوه‌.

بابەتی هاوشێوە