وادەكەی ئەمریكا بۆ شیعەكان سێ ڕۆژی ماوە؛ بڕیاری كۆتایی لەبارەی مالیكیەوە دەدرێت

24.02.2026
جەماوەر نیوز

چوارچێوەی هەماهەنگی، بەنیازە تاكو رۆژی هەینی داهاتو و پێش تەواوبونی وادەكەی ئەمریکا، کۆبونەوەیەکی گرنگ و یەكلاكەرەوە ئەنجامبدات بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران،  لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا، تۆم باراك جارێكی تر پەیامی رەتكردنەوەی مالیكی گەیاندوەتە بەرپرسانی هەرێم و بەغدا.

میدیای عێراقی لەزارەی سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرایكردوە، لە كۆبونەوەكەی شەوی رابردوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا كە لەبارەگای سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەڕێوەچو، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی هەق بەشدارییان نەكردوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوەی درێژکردنەوەی وادەكەی ئەمریکای بۆ کشانەوەی کاندیدکردنی مالیکی مسۆگەر کردوە كە تا رۆژی هەینی داهاتوە، بەنیازە پێش تەواوبونی وادە نوێیەكەی ئەمریکا، کۆبونەوەیەکی گرنگ و یەكلاكەرەوە ئەنجامبدات بۆ یەكلاكردنەوەی كانیدی سەرۆك وەزیران، ئەمەش لە میانی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە. 

بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی شیعەكان، دوای ئەوەی مالیکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگاداركردوەتەوە، بە هیچ شێوەیەک نیازی نییە لە کاندیدبون بکشێتەوەو، پێی راگەیاندون، ئەو زۆرینە دو لەسەر سێیەی کە کاندیدیان کردوە، پێویستە کاندیدبونی بکشێننەوە، ئەوكات هیچ ناڕەزاییەكی نابێت.
سەرچاوەكە باسی لەوەشكردوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سوریا لە میانی کۆبونەوەکانیدا لە هەردو شاری بەغدادو هەولێر، بە رونی هەڵوێستی جێگیرو رونی ئەمریکای گەیاندوە کە کاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتدەکەنەوە، ئەوەشی بۆ رونكردوەنەتەوە، كە دەكرێت  واشنتۆن دەتوانێت بیکات ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری لەسەر لە کاندیدکردنی مالیکی بکات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییداوە بە عێراق لە هەڵبژاردنەوەی مالیکی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، وەک سەرۆک وەزیران، ئەگینا واشنتن هاوکاری عێراق ناکات کە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی نەوت و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" وتی، "لە سەردەمی مالیکی (پێشتر)، وڵات کەوتە ناو هەژاری و پشێوییەکی گەورە. نابێت ئەوە بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانیەوە دوبارە ببێتەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێت، ئەمریکا هیچ هاوکارییەک پێشکەش بە عێراق ناکات".
مالیکی هەڕەشەکەی ترەمپی ڕەتکردەوە و لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" وتی, "بە توندی دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەتدەکەینەوە و بە پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دەزانین".

بابەتی هاوشێوە