“نزیکەی نیو ملیۆن کورد لە سنوری دیالەن، نەیانتوانیوە کورسییەک بۆ کورد مسۆگەر بکەن”

25.02.2026
جەماوەر نیوز
سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی نیو ملیۆن کورد لە سنوری دیالەن، نەیانتوانیوە کورسییەک بۆ کورد مسۆگەر بکەن و دەشڵێت: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە بە عێراق نەدات ئەو دەستێوەردانانە بکات
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان بڵاودەکرێنەوە، هەموویان نەخشەی پێشوەختەی حکومەتی ئێستای عێراق و عەرەبە لە دژی کورد؛ کە هەمان ڕێچکەی حزبی بەعسە درێژەی پێدەدرێت بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و کەمکردنەوەی نفوسی کورد لە ناوچەکە.
دەشڵێت: قادر کەرەم و دوزخورماتوو خراوەتە سەر تکریت و ناویانناوە صلاح الدین، قەرەتەپه کراوە بە قەزا و لە جەبارە دابڕێنراوەو خراوەتە سەر دیالە، مەیدان و بناری بەمۆ بۆ سەر خانەقی و خانەقیش بۆ سەر دیالە، لە هەمانکاتدا كوت و مه‌ندەلی و قازانیه‌ و بلەروس خراوەتە سەر دیاله، لە درێژەی ئەو پیلانانە جەلەولا کراوە بە قەزا.
جەختیشی كردەوە، ماددەی ٥۸ـی دەستوری کاتیی و ماددەی ۱٤٠ـی دەستوری عێراق جێبەجێ نەکراوە، بۆیە عێراق بۆی نییە هیچ گۆڕانکارییەکی کارگێڕی لەناوچە دابڕێنراوەکان (ناوچەی ماددەی ۱٤٠) بکات.
محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە بە عێراق نەدات ئەو دەستێوەردانانە بکات.
ئاشكراشی كرد، لەگەڵ ئەو بەرنامە دوژمنکارانەی عێراقدا، کورد لەو سنورە بەرپرسیارن لەوەی کە دەگوزەرێت، چونکە ئەوەی جێگەی پرسیارە بە نزیکەیی نیو ملیۆن هاوڵاتی کورد لە سنوری دیالەن، بەڵام چەند هەڵبژاردنێکە نەیانتوانیوە کورسییەکی پەڕلەمان بۆ کورد مسۆگەر بکەن لەو سنورە.

بابەتی هاوشێوە