بەئامادەبوونی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، مەراسیمی ساڵیادی کۆچیدوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم بەڕێوەچوو

25.02.2026
جەماوەر نیوز
بەئامادەبوونی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، مەراسیمی ساڵیادی کۆچیدوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ ۲۳ـی شوباتی ۲٠۲٦ لە هۆڵی هۆتێل ڕامادەی شاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود و شاندێکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی و سەید مەهدی حەکیم و نوێنەری بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی حکومەت و ژمارەیەک کەسایەتی ئاینیی و کۆمەڵایەتی، مەراسیمی ۱۷هەمین ساڵیادی کۆچیدوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم بەڕێوەچوو، کە لەلایەن نووسینگەی ڕەوتی حیکمە لە هەرێمی کوردستان سازکرابوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و مارشی نیشتمانی عێراق و کوردستان دەستیپێکرد. دواتر وتاری بنەماڵە لەلایەن سەید مەهدی حەکیم پێشکەشکرا، تەئکیدی لە هەڵوێستی بنەماڵەکەیان کردەوە بەرامبەر گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی.
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ڕۆڵی بنەماڵەی بەڕێزی حەکیمی بەرزنرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و دیکتاتۆریەت لە عێراقدا لەو پێناوەشدا ژمارەیەک شەهیدیان بەخشیوە. سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کاتێک دەسەڵاتدارانی عێراق لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە هەوڵی قڕکردن و ڕشتنی خوێنی میللەتەکەماندا بوون، ئایەتوڵا سەید موحسین حەکیم، لەیەکەمین ئەو کەسایەتییانەبوو کە فەتوای حەرامکردنی ڕشتنی خوێنی کوردیدا، هەر ئەم بنەماڵە بەڕێزە گەواهیدەری تێکۆشانی پێشمەرگە و قوربانییەکانی میللەتەکەمانن بۆ هێنانەدی دیموکراسی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ، هەربۆیە داوایکرد ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق کەچیدیکە یاری بە قوت و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەن و با هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.

بابەتی هاوشێوە