“ئاگربەست لەئارادا نییە و لەهەردوو لای ململانێکەوە هێرشمان دەکرێتە سەر”

04.03.2026
جەماوەر نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەردەوامبوونی شەڕەکەی نیوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل لەسەر بازاڕی وزەی جیهان و ئەوەشی خستەڕوو کە هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست نابینرێت.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەدنییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیادا ڕایگەیاند، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی لە بەردەوامبوونی شەڕەکەی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل و لە هەردوولاوە ڕووبەڕووی هێرش دەبینەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە چارەسەر بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ هەنگاونان بەو ئاڕاستەیەدا نییە.
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوە کرد کە فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەکان و چڕبوونەوەی هێرشەکان بوونەتە سیمایەکی ڕۆژانەی ململانێکان، هۆشداریشی دا کە داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوونەتە هۆی تێکچوونی جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.
ڕوونیشیکردەوە کە عێراق ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر دەبێتەوە لە هەناردەکردنی نەوتەکەیدا و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکەش لەو دۆخەدا تێیدا هاوبەشن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ لێکەوتەی مەترسیدار لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە بەردەوامیی جەنگ دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگژە لە بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەکە و جیهان دەبێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ