نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بە تەلەفون قسەیان کرد

07.03.2026
جەماوەر نیوز
سەرۆکایەتی هەرێم ناوەڕۆکی پەیوەندی نێوان نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیای بڵاوکردەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 2026/3/7 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشت.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هەردوولا تیشکيان خسته‌ سەر دۆخى ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارانەی له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕدا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. هەردوولا هاوڕا بوون کە پەرەسەندنی گرژییەکان هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى سەقامگیری دروست ده‌كات، بۆیە جەختیان لە پێویستیی گرتنەبەری ڕێگەچارەی سیاسی کردەوە بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ململانێکان و پاراستنی گەلان لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.
له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی دیار و ئەرێنییان لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی ئاشتی لە تورکیا. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستانە فاکتەرێکی بنەڕەتین بۆ چەسپاندنی تەبایی و پێکەوەژیانی گەلان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە کار بۆ ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌دا دەکات و پشتگیری لە هەموو هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە شێوەیەک کە ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی گەلانی ناوچەکە بپارێزرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ