هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆچی دوایی نوری مالیکی ڕەتدەکاتەوە

03.08.2025
جەماوەر نیوز

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆکەکەی، نوری مالیکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدادی پایتەخت ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە تەندروستییەکی باشی هەیە و بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە، ئامانجی سیاسی و هەڵبژاردنیان لە پشتە.

حسێن مالیکی، سەرکردە لە هاوپەیمانییەکە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند، "ئەو هەواڵانەی باس لە کۆچی دوایی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکەن، ڕاست نین و ناوبراو لە دۆخێکی تەندروستیی باشدایە و هیچ شتێک نییە جێگەی نیگەرانی بێت سەبارەت بە دۆخی تەندروستی دوای ئەنجامدانی پشکنینی خولیی چەند ڕۆژ لەمەوبەر".

ئاماژەی بەوەشكرد، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە کە پەیوەستن بە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساوە، ئامانجی سیاسی و هەڵبژاردنیان لە پشتە و کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسی و هەڵبژاردنی گشتیی هاوپەیمانییەکە یان سەرۆکەکەی نەبوە و نابێت.

پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی کۆچی دوایی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن بیتاڕی بەغدای پایتەخت  بڵاوکرابوەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە نوری مالیکی، ڕۆژی پێنجشەممە  لە تۆمارێکی دەنگیدا و دڵنیایی دایە لایەنگرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی کە بە "پەڕە گوماناوییەکان" ناوی بردن کە دەنگۆ و درۆ پێش هەڵبژاردنەکان بڵاودەکەنەوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ