بژاردەکانی پێکهینانی کابینەی نوێ چی دەبن؟
19.11.2025

لە ئەگەری پێکنەهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیاتر دواخستنی. وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئاماژەی پێدابوو کە ئامادە نییە لە حکومەتێکدا بەشدار بێت کە یەکسانی تیادا نەبێت.

هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بوو، لەو باوەرەدایە کە دەبێت کابینەی داهاتووی هەرێمی کوردستان بە میکانیزمی دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی نوێ بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبێت.

ئەگەر ئەم بابەتی پێکنەهێنانەی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ، زیاتر درێژە بخایەنێت و تەکنیکێکی بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوبێت! بەڵکوو بە پێچەوانەوە ستراتیژ بێت بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. 

ئەوە  مەترسییەکە بۆ زیاتر دوورکەوتنەوەی حکومەتی نوێی هەرێم قوڵتر دەبن و برینێک دەبیت ،سارێژ کردنەکەی سانا نییە.

خەڵکی هەرێمی کوردستانیش مافی خۆیەتی بپرسێت، کە وا ساڵ و مانگێکی بەسەردا تێپەڕیوە، هێشتا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە. ئەی چارەنووسی ئەم دەنگ دانە گەیشت بە کوێ؟

لەم بێنەو بردەیەدا خۆ دەبێت دۆخەکە لەم تەنگەژەیەدا دەربکرێت !!

کۆمەڵێک سیناریۆ دەبنە جێگرەوەی ئەم دۆخە هەستیارە. دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە کۆتا هاتوو سەنگ و دەنگی هەموو لایەکیش بەدەر کەوتووە. ناوچەکەش بەردەوام لە گۆڕانکاری خێرادایە. وەک دەوترێت مەتبەخی سیاسی لە ناوچەکەشدا چێشتی لەسەر ئاگرە ، فریای نەکەویت هەمووی هەڵدەکروزێت.

کەواتە گۆڕانگارییانەش ئاماژەی ئەوەمان پێ دەدەن، کە دەبێت لیستی زۆرینەی براوەی هەرێمی کوردستان دوو رێگەی تر بخاتەوە بەردەم لایەنەکانی دیکەی دەرچووی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

یەکەم بژاردە: دووبارە پارتی داوا لەسەرجەم لایەنەکانی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان بکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان. چوونکە  لە دوای تەواو بوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق دۆخەکان تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆ لە دوێنێی ناچێت .

دووهەم بژاردە: مادەم رێککەوتنی نێوان  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکە دەبێت بە شتێکی حەتمی و دوورکەوتنەوە هەیەو (گاپ)ەکە زیاد بووە، کەواتە دەبێت داوابکرێت هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دووبارە بکرێتەوە.

لە کۆتایی ئەم هەموو شیکارییانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسیشدا دەبینرێن. حەق وەهایە لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا بیر لەوە بکرێتەوە ئەم یاسایە گۆڕانکاری بەسەردا بهێنرێت. چەندین ساڵە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکرێت، هیچی لێ سەوز نەبووە. تەنها سەرئێشەی هەبووە. نموونەی وڵاتانی دیموکراسی دیکەی دونیا تاقی بکەینەوە،کێ زۆرینەی پەرلەمانی هێنا پێکهێنانی حکومەت لە ئەستۆ بگرێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر