تەنیا لە پێناو مانەوەدا… دەبێت قۆناغێکى تر دەستپێبکرێت
23.11.2025

كاتێك مرۆڤ سەیری ئەو وتارو نمایشانە دەكات، كە لە كۆڕو كۆڕبەندەكاندا پێشكەش دەكرێن، بەراستی خەمێكی قووڵ دایدەگرێت و بۆی دەردەكەوێت، كە ئەوانەی بەناوی سیاسەتمەدار و دەستەبژێری كورد خۆیان نمایش دەكەن، چەند مونافیق و دوو ڕوون، هەر ئەمەشە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی، كە ئەو دەرفەتەی بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە بە دەردی دەرفەتەكانی تر دەچێت و هەموو كاراكتەرە كوردییەكان، كەوتوونەتە نێو گەمەیەكی قیزەونی هەواڵگری نێودەوڵەتی و هیچ لایەكیان پڕۆژەیەكی ستراتیژییان نییە و لە هەمان زەلكاوی سەد ساڵی رابردوودا دەخولێنەوە.
میدیاش رۆڵێكی گرنگ لە دروستكردنی ئەو تابلۆیە پڕ خیانەتكارییە دەبینێت و ئەو سوپا درۆفرۆشەی باكی بە وێژدانی خۆی و چارەنووسی میللەتەكەی خۆی نییە، لە سەر پشتی دینار و دۆلاردا سەما دەكات و ئەوانەی سیخوڕی بۆ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت دەكەن، وەك سپۆنسەر و قارەمانی نەتەوەیی نیشان دەدات و ئەوانەی سوپای داگیركەران دەهێننە كوردستان، لە كاتێكدا هەموو تەمەنیان بۆ بازرگانیكردن بە مەسەلەی ئەو نەتەوەیە بەسەر بردووە، وەك شۆڕشگێڕ و قارەمانی نەتەوەیی دەخەنە بەرچاوی خەڵك. ئەوە كارەساتێكی گەورەیە، ئەنجامەكەی لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرچاو دەكەوێت، بۆیە میدیاكان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر ئاخوڕی خائینەكان دەژین و وەك ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ خۆیان نیشان دەدەن، كە زۆرینەن وا باشترە كەمێك زیاتر شەرم دایانبگرێت و تۆزێك لە خەمی بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە وێرانكراوەدا بن.
كرۆكی گەورەی كێشەی كورد ئەوەیە، كەس بویری ئەوەی نییە بە راشكاوی پەنجە لەسەر برینەكان دابنێت و بە خائینەكان بڵێت خائین و بە شۆڕشگێڕەكانیش بڵێت شۆڕشگێر، ئەمەش ئەوە رووندەكاتەوە، كە ئەوەی پێیدەڵێین بزووتنەوەی كوردی لە گەرەلاوژەیەكی سیاسی و گەمەیەكی هەواڵگری نێودەوڵەتی زیاتر نییە، كە دەوڵەتە زلهیزەكان شان بەشانی هێزە هەرێمی و ئەو هێزە بەكرێگیراوانەی بە ناوی میللەتی كوردەوە نمایش دەكەن، دژی نەتەوەو كۆمەڵگەی كوردی بەڕێوەی دەبەن، ناكرێت باس لە بزووتنەوەیەك بكرێت، كە دۆست و دوژمن لەیەكتر جیا نەكرێتەوەو وڵاتفرۆش و وڵاتپارێز بەیەكەوە لەسەر یەك خوان كۆبكرێنەوە، ئەمە ئەو كێشەیەیە، كە مێژوویەكی پر شەرمەزاری دروستكردووە، كە كورد وتەنی بۆ دەرمانیش بگەڕێی ڕاستییەكی تیا نادۆزیتەوە.
لەكاتێكدا خەلكی كوردستان لە چاوەروانی موچەیەكدایە، بەغدا بۆی بنێرێت، بە ملیۆنان دۆلار لە بازاڕی درۆو نمایشكردندا، كە ناوی كۆڕو كۆڕبەندو كۆنگرەو ….. هتد لێدەنرێت سەرف دەكرێت، تەنیا بۆ ئەوەی راستییەكان بشیێونن و كەسە ترسنۆكەكان وەك قارەمانی نەتەوەیی نیشان بدەن، چ شەرمەزارییەكە مرۆڤ گەورەیی خۆی لە پیاهەڵدان و خۆ دەرخستندا ببینێتەوە، ئەوە چ بچووكییەكە، كە بە ماڵی میللەتێكی برسییكراو بانگەشە بۆ برایەتی بكەیت و لەژیرەوەش بازرگانی بە هاووڵاتییانی بەشەكانی تر بكەیت.
جێگەی رامان ولێوردبوونەوەیە، كە تاوەكو ئێستا ئەوانەی خۆیان وەك سەركردە و بنكردەی كورد نیشان دەدەن، نەیانتوانیوە خۆیان لەو دونییەت و خۆ بەكەم زانییە رزگار بكەن، كە زۆرینەی تاكەكانی كوردی گرتۆتەوە، بەپێچەوانەوە ئەوان لە هەموو دوژمنەكان زیاتر و بەگوڕتر كار لەسەر تێكشكاندنی تاكی كورد دەكەن، ئەوانن لە پێناو ئەوەی بچووكی گرێکوێرەی دەروونی خۆیان بشارنەوە كار لەسەر ئەوە دەكەن هەموو میللەتی كورد ریسوابكەن، قوڕ بەسەر ئەو میللەتەی وەك سەركردە سەیری خائین و وڵاتفرۆشەكان دەكات، بەراستی كاتی ئەوە هاتووە رۆشنبیر و دڵسۆزانی ئەو میللەتە باشتر لە ئەركەكانی خۆیان تێبگەن وبنەمایەكی تر بۆ خەباتێكی سەردەمیانە و دڵسۆزانەتر دابنێن و چیتر رێگە نەدرێت بازرگانی بەمەسەلەی نەتەوەیەكی ستەمدیدەوە بكرێت، كاتی ئەوە هاتووە، لە دەرەوەی پێنووسەكان و وتارەكانەوە، بنەمایەكی تر دابڕێژنەوەو بوێرانە پەنجە بۆ راستییەكان درێژ بكەن. لە پێناو هیچ شتێک نا, تەنیا لە پێناو مانەوەدا دەبێت قۆناغێکى تر دەستپێبکرێت.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر