تیرۆر و ڕەگەزپەرستی دوو دیوی دراوێکی قەڵب!
21.12.2025

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، دوو تیرۆ*ریس*ت، کە بەپێی هەندێک سەرچاوە گومان دەکرێت کوڕ و باوکێکی بە بنەچە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، لە کەناری بۆندای شاری سیدنی ئوسترالیا بە ڕەشەکوژی تەقە لە گەشیارانی پڕ حەشامەتی کەناراوەکە دەکەن، ئا لەو کاتەدا گەنجێک پەلاماری یەکێک لە تاوانبارەکان دەدات و چەکەکەی لێوەردەگرێت، گەنجەکە بریندار دەبێت بەڵام ژیانی سەدان کەس ڕزگار دەکات.

هەر لەسەرەتاکانی ڕووداوەکەوە میدیاکان کەوتنە سۆراخی ناسنامەی ئەو گەنجە قارەمانە، ئەو میدیا و ناوەندانەی لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی پەخش دەکەن و مەرامیانە ئاکار و کردەوەی دوو تیرۆ*ریس*تەکە بکەن بە بەشێک لە کەلتور و ئاکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی، بە مەبەست ناسنامەی گەنجە قارەمانەکەیان دەشێواند و جارێک بە کریستیان و جارێک بە جولەکە ناویاندەهێنا، بەڵام ئەمڕۆ ئەنتۆنی ئەلبانیس، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا سەردانی ئەحمەدی موسوڵمانی کرد و وەک قارەمانێکی بەهێز سوپاسی کرد کە ڕێگەی نەدا کۆمەڵگەی ئوسترالی لەت ببێت و بووە فاکتەری یەکگرتوویی.

ڕەنگە لە ڕوواڵەتدا کوشتنی بە ئەنقەستی خەڵک و گۆڕینی ناسنامەی قارەمانێک کە خەڵکی لە دەستی ڕەشی بکوژ ڕزگار کردووە لەلایەن میدیا ڕەگەزپەرستەکانەوە بەراورد نەکرێت و تاڕادەیەکیش بێویژدانی بێت، بەڵام کاتێک لە ئەجێندای ئەو میدیایانە تێدەگەیت کە ئامانجیان ناشرینکردنی ڕەوەندێکی بەرفراوان و ختوکەدانی نەژادپەرستی و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانە و بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست هانی تۆڵە و کوشتار ئەدەن، ڕوونتر ئەبێت کە تیرۆر و ڕەگەزپەرستی دوو دیوی دراوێکی قەڵبن و جگە لە کاولکاری ناتوانن هیچ خزمەتێک بە مرۆڤایەتی بکەن.

ئەم وتارە گوزارشتە لە رای نوسەر و جەماوەر نیوز لێی بەرپرس نیە

وتارەکانی تری نوسەر