دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێم کە دانیشتوى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن

25.09.2023
جەماوەر نیوز

پرۆسەى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێم کە دانیشتوى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمن دەستیپێکرد

لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان پرۆسەى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى دەرچوى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتوى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن بەمەبەستى دامەزراندنیان دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتى (2023/9/25) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ئامادەبونى د. توانا نجف محمدخان بەڕێوەبەرى گشتى کارێگڕى و دارایى و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى و تیمى تایبەت بە دۆسیەى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکان لە وەزارەت و تیمى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى لە حکومەتى عێراقى فیدرال کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکى کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى تیشکى خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم لەگەڵ حکومەتى عێراقى بەمەبەستى بەرەو پێش بردنى کارو کردارەکان بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێم کە دانیشتوى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن، بۆ ئەمەش ستایشى کارەکانى هەردوو تیمى کرد و هەموو پشتیوانى و هاوکارییەکى بۆ سەرکەوتنى پرۆسەکە دوپاتکردەوە.

دواتر کۆبونەوەى تەکنیکى تیمى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى راژەى گشتى عێراق بەمەبەستى وردبینى کردن لە دۆسیەى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامەى باڵاکان، کە دەرچوى زانکۆکانى هەرێمن و دانیشتوانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن بۆ دامەزراندنیان بەڕێوەچوو.

لە کۆبونەوەکەدا سەرجەم کێشەو گرفتەکانى بەردەم پرۆسەکە تاوتوێکران و ڕێگەچارەى چارەسەرکردنیان بۆ دیاریکرا، بۆ ئەمەش وا بڕیارە لەماوەى یەک هەفتە وردبینى کردن لە کۆى پرۆسەکە کۆتاى پێبهێنرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم ئاگادارى سەرجەم سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بروانامە باڵاکان دەکات، کە یاساکانى ژمارە (٥٩) و (٦٧) دەیانگریتەوە بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکى حکومەتى عێراق، پێویستە سەردانى ئەم بەستەرە (confirm.iraqi-fpsc.gov.iq) بکەن، بەمەبەستى وردبینى کردن وهەڵەچنینى داتاکانیان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر راستى و دروستى ئەو داتایانەى لە فۆرمەکانیان داتا کراوە. بۆیە هەر دەرچوێک ئەگەر هاتوو لە داتاکان کێشەى هەبێت و نەتوانێت چارەسەرى بکات دەتوانێت لە ڕێگەى ئێمەیڵى وەزارەت ([email protected]) وێنەیەک لە داتاکەى خۆى بنێرێت و هەڵەکان دەستنیشان بکات بەمەبەستى راستکردنەوەى.

هەروەها وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاگادارى دەرچوان دەکاتەوە هەر دەرچویەک دواى ئەوەى سەرجەم داتاکانى راست و دروست بوو، پێویستە داتاکان لە فۆڕمى ئەلیکترۆنى داتا بکات و پەسەندى بکات و بینێرێت، بۆ ئەوەى بێ بەش نەبێت لە دامەزراندن. هەروەها بەستەرەکە تاکو سبەى سێشەممە سەعات (١٢)ى شەو کاراییە بۆ دەرچوان.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ