حه‌وته‌م فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قام له‌ كه‌ركووك ده‌ستیپێكرد

19.11.2023
جەماوەر نیوز


ئەمڕۆ لەشاری کەرکوک بەئامادەبونی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی حه‌وته‌م فێستیڤاڵی شانۆی شه‌قام بەڕێوەچوو،

فێستیڤاڵه‌كه‌، كاتژمێر (02:00)ی دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌ ڕێڕۆیشتن و نمایشی پێنج ده‌قی شانۆیی له‌ به‌رده‌م قه‌ڵای كه‌ركووك ده‌ستیپێكرد و كاتژمێر (05:00)ی ئێواره‌ كه‌ژاوه‌ی تیپه‌ شانۆییه‌كان گه‌یشته‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك.

له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌دا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا ڕایگه‌یاند، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پشتیوانی و خزمەتی شانۆ و زەمینەسازییە بۆ شانۆکاران، هەتا بتوانن خەرمانی تواناو داهێنانی خۆیان لە بواری ئەم هونەرەدا گەورەتر و فراوانتر و جوانتر بکەن، بەتایبەت لە کەرکووک، چونکە کەرکووک شارێکی کوردستانی و شاری نەتەوە جیاجیاکانە و شاری ئاشتی و پێکەوە ژیانە.

وتیشی: "ئەگەرچی ساڵانێکە قەیرانی دارایی و رووداو پێشھاتە نەخوازراوەکان بەرۆکی هەمووانی گرتووە، بەڵام کاری بەردەوام و چراخانی نماییشە شانۆییەکان لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا هەر ڕۆشن و گەشاوە بوون".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: "وەزارەتی ڕۆشنبیری لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا و لەڕێنماییەکدا فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخستەوە، لەو ڕێنماییەدا فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بۆ شاری دەربەندیخان دیاریکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ وەزارەت پشتیوانی سێ فێستیڤاڵی شانۆی کردووە، ئەوانیش فێستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ و ئەمەی ئێوە لە کەرکووک و ئەوەی دەربەندیخانیش سێھەمە، کە بڕیارە لە ڕۆژی 27ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت".

له‌ باره‌ی بایه‌خی هونه‌ری شانۆ، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: "هونەری شانۆ یەکێکە لە هونەرە جوانەکان، هاوتەمەنی کۆمەڵایەتیبوونەوەی ژیانی مرۆڤە، یەکێکە لە ھۆکارە گرنگەکانی فێربوون و وێناکردنی جوانی ژیان".

وتیشی: "لە ڕێگەی ئەم هونەرەوە دیاردە، کەسێیتیەکان و ڕووداوەکان) کە بوون بە بەشێک لە مێژوو، لە ناو مێژووەوە دەهێنرێنەوە ناو ژیان و بەشێوەیەکی بەرجەستە پیشاندەدرێنەوە، ئا لێرەوە گرنگی و بایەخی ھونەری شانۆ وەک هونەرێکی جوان بەرز دەنرخێنرێت".

سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری شانۆ له‌ ناو كورددا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئەگەرچی مێژووی تەمەنی هونەری شانۆ وەک هونەرێکی جوان لە ناو ئێمەی کورددا زۆر نییە، بەڵام شانۆکارانی کورد بەدڵسۆزی و خۆنەویستی نەخشی گەورەیان هەبووە و بەرهەمی جوان و بەپێزیان نمایش و پێشکەش کردووە".

دواتر له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، تیپی هونه‌ره‌ میللییه‌كانی كه‌ركووك تابلۆیه‌كی هه‌ڵپه‌ڕكێیان پێشكه‌ش كرد و تیمی دادوه‌رانی فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بووان ناسێندران و دوو نمایشی شانۆیی پێشكه‌ش كران.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ