برنجى گه‌رمیان ده‌نێردرێته‌ ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق

02.12.2023
جەماوەر نیوز
له‌ خاکى به‌پیتى گه‌رمیان سێ جۆر برنجى بازاڕگه‌رم به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و ساڵانه‌ش ده‌نێردرێنه‌ شاره‌کانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق.

له‌م وه‌رزه‌دا جووتیارانى گه‌رمیان خه‌ریکى دوورینه‌وه‌ى چه‌ڵتووکن و له‌ به‌رهه‌مه‌کانیان و هه‌نارده‌کردنى برنج ڕه‌زامه‌ندى ده‌رده‌بڕن.

نه‌گازه‌ى بازیان، نه‌گازه‌ى کوردى و چه‌ڵتووکى به‌رازیلی، له‌و سێ جۆر برنجه‌ن که‌ له‌ گه‌رمیان داده‌چێنرێن و به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.
محه‌ممه‌د عه‌بدوڵڵاى جووتیار که‌ ٣٠ دۆنم برنجى داچاندووه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاریى ڕاگه‌یاند: "برنجه‌که‌ باشه‌ و خواستى زۆرى له‌سه‌ره‌، جگه‌ له‌ به‌کارهێنانى له‌ هه‌رێم، بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقیش ڕه‌وانه‌ ده‌کرێت."

وا پێشبینى ده‌کرێت به‌رهه‌مى ئه‌مساڵى چه‌ڵتووکى گه‌رمیان زیاتر له‌ ١٤٠٠ تۆن بێت.

ئیسماعیل محه‌ممه‌د، لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزاریى کشتوکاڵیى گه‌رمیان، گوتی: "زیاتر له‌ ١٦٠٠ دۆنم زه‌ویى گه‌رمیان به‌ برنج داچێنراوه‌، وا ده‌خه‌مڵێنین ١٤٠٠ تۆن به‌رهه‌ممان هه‌بێت، دواى پڕکردنه‌وه‌ى پێداویستیى گه‌رمیان بۆ برنج، ڕه‌وانه‌ى شاره‌کانى دیکه‌ى هه‌رێم و ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ده‌کرێت."

برنجى کوردى له‌ هه‌رێمى کوردستان بره‌وى زۆرى هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ له‌ ناوچه‌کانى عێراقیش خواستى زۆرى په‌یدا کردووه‌، حکومه‌تى هه‌رێمیش ساڵانه‌ گه‌شه‌ به‌و که‌رته‌ ده‌دات و پشتیوانیى جووتیاران ده‌کات.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ